ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان

پردێک لە نێوان زانست و سیاسەت و خەڵک

Institute for Research and Development (IRDK)

پرۆسەى دانوستاندنی نێوان ڕۆژاڤاى کوردستان و حکوومەتی سووریا

ڕۆژى چوارشەممە، ١٥ى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان IRDK، سەمینارێکی لەسەر "پرۆسەی دانوستاندنی نێوان ڕۆژاڤای کوردستان و حکومەتی سووریا و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی یاسادانانی سووریا" بۆ بەڕێزان د. عومەر نوورەدینی پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، د. فەرید سەعدون، ئەکادیمیست و توێژەر، ڕۆستەم مەحموود، نووسەر و توێژەر، بەڕێوە برد.

لە سەرەتاى سەمینارەکەدا، د. عومەر نوورەدینی سەرنجی خستە بارودۆخی گشتیی سووریا و زەمینەى سیاسی و یاسایی ئەو وڵاتە و گۆڕانکارییەکانی ئەمدواییەى لەو وڵاتەدا ڕووی داوە. نوورەدینی باسی لە دۆخی نوێی یاسایی سووریا و ڕەهەندە سیاسییەکانی کرد و شێوەى دابەشکردن و جڵەوکردنی دەسەڵاتەکانی شی کردەوە.

ناوبراو پێی وابوو ئەو دۆخە یاساییەى کە لە سووریادا سەپاوە، نوێنەرایەتیی دەستەبژێرێکی سیاسیی دیاریکراو دەکات، نەک نوێنەرایەتیی شەرعیەتی سیاسیی گەلی سووریا.

لە بەشی دووەمدا د. فەرید سەعدون، لە دیمەشقەوە باسێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئەوەى لە سووریادا هەیە بەهیچ شێوەیەک بریتی نییە لە دامەزراندنی دەسەڵاتی دامەزراوەیی، ئەو پەرلەمانەى لە سووریادا هێنراوەتە کایەوە شەرعی نییە، چونکە نمایندەى شەرعییەتی سیاسیی گەل ناکات، ئەوەى هەیە پاشکۆى دەستەى تەحریر شامە نەک گرێدراوى گەلی سووریا.

سەعدون، لە وردەکاریی قسەکانیدا، بارودۆخی سیاسی و ڕەوشی ئەمنی و سەربازیی سووریاى شی کردەوە و گرنگترین ئەو ئاڵەنگارییانەى ئێستا لە وڵاتەکەدا هەیە شیی کردەوە، هاوکات باسی لەو ململانێ ناوخۆیی و دەرەکییانەى سووریا کرد و تیشکی خستە سەر پێکدادانەکانی نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا.

لە بەشی سێیەمی سەمیناردا، ڕۆستەم مەحموود باسی لە مێژووى سەقامگیری و ناجێگریی سووریا کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەى لە ماوەى ٢٠ ساڵی داهاتوودا سووریا سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت، چونکە هۆکارەکانی بەدیهێنانی سەقامگیری لە سووریادا بەدی نەهاتوون و زەمینەى ئەو ئارامییە نەهاتووەتە کایەوە.

مەحموود باسی لەوە کرد، کورد و درووزی و عەلەوییەکان، خواستی سیاسییان هەیە و هەرلایەکیان بەرامبەر بە دەسەڵاتی سووریا ویستی تایبەتی خۆیان هەیە، ئەم خواستە سیاسییە لە مێژووى سووریادا بەمشێوەیە نەبووە.

باسی لەوەش کرد کە هاوسەنگیی سیاسیی ناوچەیی لە سووریادا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و وەکوو پێشتر نەماوە کە تەنیا لەنێوان دەوڵەتانی عەرەبیی نزیک لە سووریادا بوو.

لە بەشی کۆتایی سەمیناردا گفتوگۆ لەنێوان قسەکاران و ئامادەبووان دروست بوو و وەڵامی پرسیارەکانیان درایەوە.




IRDK Logo
ئەمە هاوبەشی بکە