خوێندنەوەیەکی مێژوویی و ڕەخنەیی بۆ سێ دەیەی میدیای کوردستانی
لە چوارچێوەی چالاکییە زانستییەکانیدا، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان ـ کوردستان (IRDK)، سەمینارێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی (میدیای کوردی لە ٣٥ ساڵدا؛ خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ میدیای کوردی) بۆ نووسەر و ڕۆژنامەنووس بەڕێز (ئەحمەد زاوێتی) ڕێکخست.
سەمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسان، ئەکادیمیستان و ڕۆشنبیران بەڕێوە چوو، تێیدا پێشکەشکار بە وردی تیشکی خستە سەر وەرچەرخانە مێژووییەکانی ڕاگەیاندنی کوردی لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا.
ئەحمەد زاوێیی لە چوارچێوەی قۆناغبەندییەکدا، مێژووی میدیای کوردیی بۆ چوار وێستگەی سەرەکی دابەش کرد، کە بریتی بوون لە: (میدیای حزبی، میدیای ئەهلی، سەردەمی سەتەلایت و دواجار قۆناغی سۆشیاڵمیدیا).
لە بەشێکی تری سەمینارەکەدا، پێشکەشکار بە شیکردنەوەیەکی ورد، تایبەتمەندییەکانی هەر قۆناغێکی خستە ڕوو و ئاماژەی بەو گۆڕانکارییە جەوهەرییانە کرد کە لە ناوەرۆک و فۆرمی گەیاندنی پەیامی میدیاییدا ڕوویان داوە.
هاوکات، بە گۆشەنیگایەکی ڕەخنەییەوە، کێشە سەرەکی و بەربەستە ستراتیژییەکانی بەردەم میدیای کوردیی لە ڕابردوو و ئێستادا دەستنیشان کرد، بەتایبەت ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە سەردەمی تەکنەلۆژیای زانیاریدا ڕووبەڕووی ڕەسەنایەتی و ئیتیکی کارکردن بوونەتەوە.
سەمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و دەوڵەمەند کۆتایی هات، کە تێیدا ئامادەبووان بە سەرنج و پرسیارەکانیان بەشدارییەکی کارایان کرد.







