ڕۆژى دووەمی سیمپۆزیۆمی «پێویستیی بوونی ویلایەتەکان – کانتۆن یان هەرێمەکان – لە دەوڵەتی فیدراڵیی خاوەن دەستووردا؛ دەستووری هەرێمی کوردستانی عێراق بە نموونە» بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە هەولێری پایتەخت، کارەکانی ڕۆژی دووەمی سیمپۆزیۆمی زانستیی ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان (IRDK، لەژێر ناونیشانی «پێویستیی بوونی ویلایەتەکان – کانتۆن یان هەرێمەکان – لە دەوڵەتی فیدراڵیی خاوەن دەستووردا؛ دەستووری هەرێمی کوردستانی عێراق بە نموونە» بە بەشداریی کۆمەڵێک لە توێژەران و پسپۆڕانی یاسایی و دەستووریی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو.
چالاکییەکانی ڕۆژی دووەم لە کاتژمێر ٩:٣٠ی بەیانی دەستیان پێ کرد و چەندین دانیشتنی زانستی و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەخۆ گرت، کە تێیدا تیشک خرایە سەر پرسی مافی پێکهاتەکان، بنەماکانی فرەیی و داهاتووی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق و ناوچەکەدا.
دانیشتنی یەکەم: مافی پێکهاتەکان و ئەزموونە هەرێمییەکان: ئەم دانیشتنە لەلایەن د. کەمال سەعدی وەک بەڕێوەبەری دانیشتن و د. حەسەن حوسێن وەک بڕیاردەر بەڕێوە برا. هەریەک لەم توێژەر و ئەکادیمیستانە بەشدارییان کرد:
• د. محەممەد مالیکی
• د. فاتن میکائیل
• د. ماریانا گارۆنتاکی
تەوەرە سەرەکییەکانی ئەم بەشە بریتی بوون لە شیکردنەوەی چەمکی پێکهاتەکان و مافە یاساییەکانیان، پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان لە چوارچێوەی دەستووردا، چەسپاندنی بنەماکانی فرەیی و هەمەڕەنگی، هەروەها خستنەڕووی خوێندنەوەیەکی بەراوردکاری بۆ ئەزموونەکانی هەریەک لە عێراق، سووریا و تورکیا لەم بوارەدا.
دانیشتنی دووەم: ئاڵنگارییەکانی بەردەم فیدراڵیزم و فیدراڵیزمی دارایی: بەشی دووەمی دانیشتنەکان لەلایەن هەمان دەستەى بەڕێوەبردن (د. کەمال سەعدی وەک بەڕێوەبەری دانیشتن و د. حەسەن حوسێن وەک بڕیاردەر) بەردەوامیی پێ درا. قسەکەرانی ئەم دانیشتنە پێک هاتبوون لە:
• د. عەبدوڵڵا مەندووب ئەلسەلمۆ
• د. عەبدولحوسێن شەعبان
• د. لیام ئەندەرسۆن
• د. ئەحمەد خەلەف حوسێن
• د. فەرید سەعدوون
لەم تەوەرەدا، سەرەڕای درێژەدان بە باسکردنی پرسی پێکهاتەکان، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان و فرەیی، دوو تەوەری هەستیار و ستراتیژی خرانە بەرباس و لێکۆڵینەوە؛ یەکەمیان بریتی بوو لە «بژاردەکانی بەردەم سەرکردایەتیی کورد: مەرگی هێواشی فیدراڵیزم لە عێراقدا» و دووەمیان تایبەت بوو بە «فیدراڵیزمی دارایی» و میکانیزمەکانی دابەشکردنی داهات و دەسەڵاتە داراییەکان لە دەوڵەتی فیدراڵیدا.
گفتوگۆی کراوە و گەڵاڵەکردنی ڕاسپاردەکان: لەم بەشەدا دەرگای گفتوگۆ بە ڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە کە لەلایەن هەردوو ئەکادیمی د. شێرزاد نەجاڕ و د. عەبدولحوسێن شەعبان بەڕێوە برا. دواتر سەرپەرشتیی دانیشتنی تایبەت بە کۆکردنەوە و گەڵاڵەکردنی پێشنیاز و ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆمەکەیان کرد، بە مەبەستی پێشکەشکردنی نەخشەڕێگایەکی زانستی و دەستووری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بەهێزکردنی پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.