ڕۆژى یەکەمی سیمپۆزیۆمی «پێویستیی بوونی ویلایەتەکان – کانتۆن یان هەرێمەکان – لە دەوڵەتی فیدراڵیی خاوەن دەستووردا؛ دەستووری هەرێمی کوردستانی عێراق بە نموونە» بەڕێوە چوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لە شاری هەولێر، کارەکانی ڕۆژی یەکەمی سیمپۆزیۆمی تایبەتی «ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - کوردستان (IRDK)» بەڕێوە چوو. ئەم سیمپۆزیۆمە دووڕۆژەیە (٥-٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) تەرخان کراوە بۆ تاووتوێکردنی بنەما دەستوورییەکانی سیستمە فیدراڵییەکان و پێویستیی هەبوونی دەستوورێکی تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقدا.
کارەکانی ڕۆژی یەکەمی سیمپۆزیۆمەکە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی بە دانیشتنی دەستپێک کرایەوە، کە تێیدا سەرۆ قادر، بەڕێوەبەری ئەنستیتۆ، وتاری بەخێرهاتن و دەستپێکی پێشکەش کرد. دواتر پ. د. شێرزاد نەجاڕ لە وتەیەکدا تیشکی خستە سەر ئامانجە سەرەکییەکانی سازدانی ئەم سیمپۆزیۆمە و گرنگیی گەڵاڵەکردنی دیدگایەکی یاسایی و دەستووری بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی کارەکانی ڕۆژی یەکەمدا، سێ دانیشتنی زانستی و تەوەرێکی گفتوگۆی کراوە بەڕێوە چوون کە بەم شێوەیە بوو:
• دانیشتنی یەکەم (پەیوەندییە دەستوورییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم): ئەم دانیشتنە لەلایەن د. عەبدولحوسێن شەعبان بەڕێوە برا و د. عوسمان یاسین ئەرکی بڕیاردەری تێدا بینی. قسەکەرە سەرەکییەکان بریتی بوون لە د. کەمیل حەبیب، د. عوسمان جان و د. عەلی ئەلڕوفەیعی، کە بە وردی باسیان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووریی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و ڕێکخستنی ماف و ئەرکەکان لە سیستمی فیدراڵیدا کرد.
• دانیشتنی دووەم (سیستمی حوکمڕانی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان): بە سەرپەرشتیی د. شێرزاد نەجاڕ وەک بەڕێوەبەری دانیشتن و د. عوسمان وەیسی وەک بڕیاردەر بەڕێوە چوو. لەم تەوەرەدا هەریەک لە د. عەبدولحوسێن شەعبان، د. خالید شەوکەت، د. نەجدەت ئاکرەیی، شیکردنەوەیان بۆ شێوازی سیستمی سیاسی و حوکمڕانی و بنەمای جیاکردنەوە و هاوسەنگیی نێوان هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لە دەستووری هەرێمەکاندا کرد.
• دانیشتنی سێیەم (دادگای دەستووری و دەسەڵاتی دادوەری): لەم دانیشتنەدا کە د. عەلی ئەلڕوفەیعی بەڕێوەی برد و د. چواس حەسەن ڕەسوڵ بڕیاردەری بوو، تیشک خرایە سەر ڕۆڵی دەسەڵاتی دادوەری. قسەکەرەکان پێک هاتبوون لە د. کەمال سەعدی، د. ئیبراهیم بەرزنجی، د. سەردار عەزیز و د. حەسەن حوسێن، کە گفتوگۆیان لەسەر پێگەی دادگای دەستووری، سەربەخۆیی دادگاکان و میکانیزمی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە دەستوورییەکان لەنێوان ناوەند و هەرێمدا کرد.
بڕیارە سبەی هەینی، ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، کارەکانی سیمپۆزیۆمەکە لە ڕۆژی دووەمیدا بەردەوام بێت بۆ تاووتوێکردنی مافی پێکهاتەکان، ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، فرەیی و ئەزموونی وڵاتان، و لە کۆتاییشدا ڕاسپاردە و پێشنیازەکانی سیمپۆزیۆمەکە بخرێنە ڕوو.