سەمیناری “پێویستیی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ بەبراندکردنی کوردستان” پێشکەش کرا
ئەمڕۆ چوارشەممە (٢٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦)، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - کوردستان (IRDK)، سەمینارێکی بە ناونیشانی "لە تێڕوانینی بیانییەکانەوە؛ پێویستیی ستراتیژییەکی نیشتمانی بۆ بەبراندکردنی کوردستان" بۆ بەڕێز د. کامەران حەسەن، پسپۆڕی کارگێڕی، پلانی ستراتیژی و ئاییندەسازی ڕێک خست.
لە دەستپێکی سەمینارەکەدا، د. کامەران حەسەن تیشکی خستە سەر چەمکی مۆرکسازی (براندسازی) و قۆناغەکانی گەشەکردنی، هەروەها کاریگەرییەکانی ئەم چەمکەی لەسەر بەهێزکردنی ناسنامەی وڵاتان و دامەزراوەکان شی کردەوە.
دواتر توێژەر ئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانیی وردی خستە ڕوو، کە لە ڕێگەی چەندین ڕاپرسییەوە بۆچوون و تێڕوانینی بیانییەکانی سەبارەت بە وێنەی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندبوو. لەم چوارچێوەیەدا، خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو ڕوانگانەی دەستنیشان کرد و ڕەنگدانەوەیان لەسەر گەشەی ئابووری، دیپلۆماسی و کولتووریی کوردستان ڕوون کردەوە.
بە تێگەیشتنی توێژەر، دروستکردنی براندێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ کوردستان پێویستییەکی هەنووکەیییە و وەک ئامرازێکی کاریگەری نەرمەهێز (Soft Power) خزمەت دەکات؛ کە دەبێتە هۆی زیاتر ناساندنی هەرێمەکە و بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی، سیاسی و ئابوورییەکەی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتاییی سەمینارەکەشدا، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە و ئامادەبووان بە سەرنج و تێبینییەکانیان بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.











