زیهنییەتی ململانێی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ داڕماندنی قەوارەی سیاسیی کوردستان
ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان، لە ڕۆژی ١ ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، سەمینارێکی تایبەت بە "زهنییەتی ململانێی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ داڕماندنی قەوارەی سیاسیی کوردستان"، بۆ د. سەردار قادر، پرۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان و مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوە برد.
د. سەردار قادر لە ڕێگەی وروژاندنی چەند پرسیار و پرسێکی بنەڕەتی لە هزری مملانێی عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان شیکردنەوەکانی خۆی پێشکەش کرد.
پسپۆڕ پێی وابوو ڕوانگەی هزریی دەوڵەتی عێراق هەر تەنیا سنووردارکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەسەڵاتی سیاسی و یاساییەوە نییە، بەڵکوو ئامانج بەردەوامیی شەڕی بوونی قەوارە و مرۆڤی کوردە و بۆ ئەوەش سیاسەتێکی درێژخایەن گیراوەتە بەر.
ناوبراو لە کرۆکی باسەکەیدا ئەوەی خستە ڕوو "ململانێی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان گرتنەبەری ستراتیجی شەکەتکردن و کفتکردنی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی ململانێ و یاریکردنی نایاسایی و خۆگنخاندن لە پرسە سەرەکییەکان، لە هەموو ئاستەکانی سیاسەت و ئابووری و یاسایی و سایکۆلۆجی."
جگە لە پێشنیازی چەند خاڵێک بۆ سیاسەتی کوردستانی لەلایەن قسەکەرەوە، میوانانی ئەکادێمی و نووسەران بۆچوونی خۆیان لەسەر ئەو ململانێیە خستە ڕوو.