سەمینارێک لەبارەى دۆخی ڕۆژئاواى کوردستان بۆ توێژەر فابریس بڵانش بەڕێوە چوو
ڕۆژى چوارشەممە، 21ی کانوونی دووەمی 2026، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان، سەمینارێکی بەپەلەى بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕێککەوتن و ڕووداوەکانی ئێستای ڕۆژاڤای کوردستان، بۆ پڕۆفیسۆر و توێژەری فەڕەنسایی (فابریس بڵانش)، توێژەر لە زانکۆی لیۆن و بەشێک لە ئەنستیتۆکانی ئەمریکا و ئەورووپا و ئەندامی بۆردی زانکۆی کوردستان بەڕێوە برد.
فابریس بڵانش، لە قسەکانی خۆیدا لە یەکەم وێستگەدا، گەڕایەوە بۆ ئەو توێژینەوە مەیدانییانەی کە چەند ساڵ بەر لە ئێستا تا ساڵی پار لە ناو عەشایەری عەرەبی و شارە کوردییەکان کردوویەتی. ئەو نموونەیەکی واقعییانەی خستە بەرچاو لەسەر جۆری بیرکردنەوەی عەشیرەتە عەرەبەکان کە بەنزیکەیی هەموویان دژی فەرمانڕەوایی کورد بوون و گوتویانە: داعشمان پێ باشترە لە فەرمانڕەوایی کوردان. هەروەها باسیان لەوە کردووە کە هەوڵیان داوە کە بەشێوەیەک سورویا کەوتە دەستی دەستەى تەحریری شام، پەیوەندی بە حکوومەتەکەوە بکەن، بۆ ئەوەی کە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا بەسەر پەیەدەدا هەڵگەڕانەوەیەک بکەن و لە ناوچەکانی خۆیان دەریان بکەن.
بڵانش باسی ئەوەی کرد کە بەردەوامیی خۆسەریی کوردان لە ناوچە عەرەبییەکان کارێکی هەڵە بووە، دەبوایە زوو ئەم واقیعە تێبگەن و لەم ناوچانە بەجێ بێڵن، یان بە جۆرێکی تر بەڕێوە بردریایە ئەگەر هاتوو پلانێک لە دژی فەرمانڕەوایی هەسەدە لەو ناوچەیە کرا بەیەکجاری نەڕمێت.
توێژەر باسی ئەوەی کرد کە ئەمە زەمینەی خۆش کرد بۆ ئەوەی هەر لە سەرەتاوە تورکیا لە جیاتی شەڕی ڕاستەوخۆ، بیر لە ڕێکخستنی ئەم عەشیرەتە عەرەبانە بکاتەوە، هاوکاریی دەوڵەتی سووریا بکات.
یەکێکی تر لە کێشەکان کە ناوبراو ئاماژەى پێدا، پرسی گاز و نەوتێکی زۆرە لە ناوچە عەرەبییەکان کە پەیەدە کۆنترۆڵی کردبوون و هەروەها جۆری بەڕێوەبردنی ئیدارە لەو ناوچانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیەدە، قایمقام و پارێزگار و بەڕێوەبەری ئەم ناوچانەی دیاری دەکرد.
توێژەر لە کۆتاییدا گەیشتە ئەو ئەنجامەى کە ئەم باوەڕ و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە هەمیشە هەڕەشەیە بۆ سەر ڕوانگەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لە سووریا کە بە شێوەیەکی عەلمانی و دوور لە بەرتەسکیی خێڵ و نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت. بڵانش پێی وابوو دەبێت کورد ئەو پرسەى لەبیر بێت پتر بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی خۆیان، خۆیان لە ناوچە کوردییەکان قایم بکەن.
توێژەر پێی وابوو مەترسییەکان بەردەوامن و تەنانەت ناوچە کوردییەکانیش بۆ قۆناغی دووەم لەژێر هەڕەشەدان، هەروەها ئەم هەڕەشەیە تەنیا لەسەر کوردی سووریا نییە، ئەگەری هەیە کە ئەم هەڕەشەیە بۆ هەرێمی کوردستانیش بپەڕێتەوە.
بەشێکی دیکەی سەمینارەکە بۆ گفتوگۆ و پرسیاری ئامادەبووان تەرخان کرا.









