سیمینارێکی تایبەت لەبارەی کتێبی «کوردستانی ئازاد»ی د. خالید ساڵح بەڕێوە چوو
ڕۆژی چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - کوردستان (IRDK)، سیمینارێکی تایبەتی بۆ دکتۆر خالید ساڵح، توێژەر و شارەزای بواری سیاسەت، بە مەبەستی ناساندن و گفتوگۆکردن لەسەر کتێبەکەی بە ناونیشانی «کوردستانی ئازاد» ڕێک خست.
لە سیمینارەکەدا، دکتۆر خالید ساڵح لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە ئاماژەی بە کۆمەڵێک وێستگەی مێژوویی کرد و شیکردنەوەیەکی ئەکادیمییانەی بۆ دۆخی مێژوویی و سیاسیی کورد خستە ڕوو.
کتێبی «کوردستانی ئازاد» تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی سیاسی و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی لە بارودۆخی ئێستادا ڕووبەڕووی دەبنەوە.
ئەم کتێبە پێشتر بە زمانی ئینگلیزی لە دەرەوەی وڵات بڵاو کراوەتەوە و چاپە کوردییەکەشی لەژێر کاردایە و بەم زووانە دەخرێتە بازاڕەوە.
سیمینارەکە دەرفەتێک بوو بۆ گفتوگۆیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکە، هەڵسەنگاندنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و بیرکردنەوە لە داهاتووی سیاسی و دامەزراوەییی هەرێم؛ لە بەشی کۆتایی سیمینارەکەشدا کۆمەڵێک گفتوگۆی ورد و بەهادار لەوبارەیەوە لەلایەن ئەکادیمی و نووسەرانەوە بەڕێوە چوو.













