ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان

پردێک لە نێوان زانست و سیاسەت و خەڵک

Institute for Research and Development (IRDK)

سەمینارێک لەبارەی "یەکپارچەییی نیشتمانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس" و "سەد ساڵ گێڕانەوە و گێڕانەوەی سەد ساڵ" بەڕێوە چوو

ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان، لە وەرزێکی دیکەی چالاکییە ئەکادیمییەکانی، سەمینارێکی بۆ پڕۆفیسۆر مایکڵ گۆنتەر، لەبارەی "یەکپارچەییی نیشتمانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس" و د. هاشم ئەحمەدزادە بە ناوی "سەد ساڵ گێڕانەوە و گێڕانەوەی سەد ساڵ" بەڕێوە برد.

لە سەمینارەکەدا، مایکڵ گۆنتەر، زانا و مامۆستای زانستە سیاسیییەکان و مێژوونووسی ئەمەریکی، باسی لە یەکپارچەییی نیشتمان و پرسی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کورد کرد. گۆنتەر لە دیدی خۆیدا چەقبەستووییی یاسا نێودەوڵەتییەکان و دژبەرییە ناوچییەکانی دژ بە مافی گەلی کورد خستە ڕوو و پێداگریی لەسەر ئەو خاڵە کرد کە کورد دەبێت پشتیوانی بەهێزکردنی حوکوومەتی خۆی بێت و یەکبوونیش بێنێتە کایەوە، ئەمە لە داهاتوودا چانسێک بۆ پەرەسەندنی سیاسیی کورد دابین دەکات.

لە بەشی دووەمی سەمیناردا، د. هاشم ئەحمەدزادە، پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر لە بەشی زمانەوانی و فیلۆلۆژی له‌ زانکۆی ئوپسالای سوید، باسێکی لەبارەی گرنگیی گێڕانەوە لە ژانری چیرۆکدا و ڕۆڵی لە پێکهێنانی ناسنامەی گەلان و تۆمارکردنی ڕووداوەکاندا کرد؛ لەو سۆنگەوە بە نموونەهێنانەوەی چەند چیرۆک و ڕۆمانێکی دێرینی جیهانی و کوردی، بەهای گێڕانەوەی خستە ڕوو و خاڵە گەش و کەموکورتییەکانی ئەو بزاوتە فەرهەنگییەی کوردستانی خستە بەر باس.

لە سەمینارەدا، ئەکادیمی و نووسەران پرسیار و دیدی خۆیان لەسەر هەردوو بابەت، بۆ هەردوو میوان خستە ڕوو.


بەشداربووان

IRDK Logo
ئەمە هاوبەشی بکە