سەمینارێک لەبارەی ڕۆڵی ناوەندەکانی توێژینەوە (Think Tanks) لە کوردستان بەڕێوە چوو
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٢١ی ١٠ی ٢٠٢٦، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان-IRDK، سەمینارێکی زانستیی لەژێر ناونیشانی «پێویستی و ڕۆڵی ناوەندەکانی توێژینەوە و بیرکردنەوە (Think Tanks) لە کوردستان» بەڕێوە برد.
سەمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ خستنەڕووی ناوەڕۆکی توێژینەوەیەکی هاوبەش، کە لەلایەن هەردوو توێژەر د. محەممەد عەبدوڵا عەلی و د. دنیا مەردان ئامادە کرابوو و پێشکەش کرا.
لەمیانی سەمینارەکەدا، بە شێوەیەکی زانستی و گوتارشیکاری، تیشک خرایە سەر چەند تەوەرێکی سەرەکی، لەوانە:
* چەمکی پانتایی گشتی: شیکردنەوەی ڕۆڵ و گرنگیی پانتایی گشتی لە دیدگای فەیلەسووف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی (یۆرگن هابەرماس).
* بنەما و پێوەرە زانستییەکان: دیاریکردنی بنەما سەرەکییەکان و پێوەرە جیهانییەکانی پانتایی گشتی و دامەزراوەکانی بیرکردنەوە و توێژینەوە (Think Tanks).
* واقیعی هەرێمی کوردستان: هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای دامەزراوەکانی توێژینەوە (Think Tanks) لە کوردستان، بە وەرگرتنی پانتایی گفتوگۆکانی «ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان» وەک نموونەیەکی کرداری.
لە بەشی کۆتایی سەمینارەکەدا، دەرگای گفتوگۆ بۆ ئامادەبووان واڵا کرا و لە ڕێگەی پرسیار، سەرنج و تێبینییەکانیانەوە ناوەڕۆکی باسەکە دەوڵەمەندتر کرا.









