شێوازی توێژینەوە و میتۆدەكانی
ڕۆژی دووشەممە 12/1/2019 سەمینارێك بۆ دوو توێژەری گەنج لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان لەبارەی (مێتودەکانی توێژینەوە ) بەسترا، كە تێیدا هەر یەك لە (لەوەند مائیوار ماستەر لە "Leadership and Organizational Psychology " و دیلمان نومات ماستەر لە Pedagogy”"(، باسیان لەو میتۆدانەیان کرد کە زیاتر لە زانستە مرۆییەکاندا بەکار دێن.
بەپێی بۆچوونی ئەو دوو توێژەرە، زۆر گرنگە توێژەر بزانێت لە چ ئاستێكدا لێكۆڵێنەوە دەكات، هەروەها زۆر گرنگە بە تەواوی ئەو بنەمایانە ودیاردانە بناسێت كە دەیەوێت لەبارەیانەوە توێژینەوە ئەنجامبدات. سێ تێبینی گرنگ هەن كە دەبێت توێژەر لەوبارەوە بیزانێت، یەكەمیان: شارەزایی و دیدی گشتییە لەمەڕ ژیان و مرۆڤ. تێبینی دووەم ئەوەیە بزانین زانست چیە و سێیەمیشیان ئەوەیە ڕۆڵی زانست لەسەر ژیان بزانین و مەودای كاریگەریی بزانین.
لێكۆڵەران دەبێت زۆر رژد و ورد بن لەگەڵ میتۆدەكانی توێژینەوە و پڕۆسەی ئەو توێژینەوانە، چونكە ئەو بەرئەنجامەی لە توێژینەوەوە دەكەوێتەوە، بەلای خەڵكەوە بەگرنگ دەزانرێت و كۆمەڵێك باوەڕی نوێی لەسەر بینادەكرێت.بۆیە تا ڕاددەی پێویست و توانراو، دەبێت هەوڵبدرێت كەموكوڕییەكانی توێژینەوە و كێماسیی بەرئەنجامەكەی لەكەمی بدرێن.
یەكێك لە خاسییەتە گرنگەكانی توێژینەوە ئەوەیە، گەر لە كات و ساتی جیاوازدا دووبارە بكرێتەوە، ناكرێت دەرئەنجامەكانیان زۆر لێكدوور بن، بۆیە توێژینەوە دەبێت شیاوی بەكارهێنانەوە و دووبارەبوونەوە بێت بەلای توێژەرانی دیکە.
لە ڕێچكەی توێژینەوەدا جا چەندێتی بێت یان چۆنێتی، زۆر گرنگە جیاوازی بكرێت لە نێوان زانستە سرووشتییەكان و زانستە مرۆییەكان. لەوەی یەكەمیاندا بابەت و دیاردەكان مەتریال و بەرجەستەن، بەڵام لە زانستە مرۆییەكاندا، هەموو شوناس و پێناسەیەك بۆ دیاردەكان بەرجەستە نین و زۆریان واتایین و ڕێژەیین، هەر لەبەر ئەوەشە ڕاددەی سەلماندنی ڕێژەی ڕاستییەكان تێیدا، گرفتاوی و قورسە.
یەكێك لە ڕێنماییە زانستییەكانی توێژینەوەسازی، ئەوەیە پەیوەندی نێوان دوو بابەت بە درووستی بدۆزرێنەوە، كامەیان هۆكارە بۆ ئەوەی دیكەیان و كامیان دەرئەنجامە، لەوڕێگەیەوە دەتوانین ڕیشەی كێشەكان و چارەسەرەكانیان دەستنیشانبكەین.
بۆ هەر بابەتێك كە توێژینەوەی لەسەر دەكرێت پێویستە لایەنە جیاوازەكانی دیاریبكریبَن و جگەلەوەش بۆ هەر لایەن و ڕەهەندێكی چەندین پرسیار بەمەبەستی وەڵام وەرگرتن دابڕێژرێن.
لە میتۆدی هۆكارێتیدا لە نێوان دوو گۆڕاودا زۆر گرنگە هۆكار و دەرئەنجام بە گۆڕاوی سەربەخۆ و گۆڕاوی شوێنكەوتە لێكبدرێتەوە.
جێی باسە لە ناوەرۆكی سەمینارەكەدا ڕێگە و ڕێباز و ڕەهەندەكانی توێژینەوەی زانستی و لێكەوتەكانی شیكرانەوە.