شەڕى نێوان ئیسرائیل و حەماس و کاریگەریی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕۆژى سێشەممە، ١٧ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان-IRDK، سەمینارێکی لەبارەى شەڕى نێوان ئیسرائیل و حەماس و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ چوار ئەکادیمی و پسپۆڕى زانستە سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەست.
لە سەمینارەکەدا، شێرزاد نەجار باسەکەى کردەوە و د.عومەر نورەدینی و د. ئیدریس ئەحمەدی و د. شوکریە برادۆستی، لە سێ باسی جیادا درێژەیان بە سەمینارەکە دا.
د. شێرزاد نەجاڕ لە ڕوانگەى پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بنەما و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، شیکردنەوەى بۆ هۆکارەکانی شەڕى ئیسرائیل-حەماس کرد و هۆکارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ململانێیەى شی کردەوە.
د. ئیدریس ئەحمەدی لە ستۆکهۆڵمەوە قسەى بۆ ئەنستیتۆ و میوانانی کرد؛ ئەو پەیوەندیی شەڕەکە و دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی پەیوەست بەو شەڕە شی کردەوە. ئەحمەدی فراوانبوونی شەڕی بە ئەگەرێکی کەم زانی، چونکە دەوڵەتانی دەوروبەر بەرژەوەندییان لەو فراوانبوونەدا نییە.
د. عومەر نورەدینی، بەشداربووی سێیەمی سەمینار، تێڕامانێکی تیۆرى لەسەر ئەو ململانێیە خستە ڕوو و دواتریش پەیوەندیی ئەو ململانێیەى بە هەرێمی کوردستان و کورد لە ناوچەکەدا شی کردەوە.
د. شوکریە برادۆستی، وەکوو قسەکارى کۆتاى سەمینار، تێڕوانینی خۆى لەسەر هۆکارەکانی ئەو ململانێیە و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستە ڕوو، لەم سۆنگەوە هاوکێشەى هێز و جووڵە سیاسییەکانی وڵاتانی زلهێز و هەرێمیی پەیوەست بەو ململانێیە باس کرد.
ئاکامی سەمینار بریتی بوو لە کۆمەڵێک پرسیار و گفتوگۆ لەلایەن میوانان و قسەکارانی سەرەکی و زیاتر گەنگەشەکردنی پرسەکە.