پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان؛ پشێوییە یان سیستەم؟
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی 6ی 2025، ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی كوردستان، سەمینارێكی تایبەت بە ناونیشانی (پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، پشێوییە یان سیستەم؟) بۆ پرۆفیسۆری بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەڵەتییەكان، د. شێرزاد نەجاڕ بەڕێوە برد.
لە سەمینارەكەدا پرۆفیسۆر باسی لە سروشتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و بنەماكانی پەیدابوونی ڕوانگە جیاجیاكانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ پرسی ئاشتی و پشێوی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا كرد و لەو سۆنگەوە بۆچوونی بیریارانی كلاسیكیی خستە ڕوو.
توێژەر پشتبەست بە تیۆری ڕیالیزم (واقیعگەری) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، بۆچوونی وا بوو كە سیستەمی نێودەوڵەتی بە ڕێژەیەكی بەرز لە ئاژاوە و پشێویدایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەكان لە سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی جیهانی لە شێوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ پاراستنی تەناهی و ئاشتی شكستی خواردووە.
ناوبراو بەشێك لە پشێوی و ناڕێكییەكانی سیستەمی نێودەوڵەتیی بۆ دەسەڵاتداریی ئەو سیاسەتكارانە گەڕاندنەوە كە حوكوومڕانیی بەشێك لە وڵاتان دەكەن و بەشێوەیەكی دەوڵەتدارانە و عەقڵانی بڕیار نادەن.
لە بەشێكی دیكەی سەمیناردا ئامادەبووان بۆچوون و پرسیاری خۆیان لەسەر پرسەكە خستە ڕوو و د. شێرزاد نەجاڕ وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.