پرسی کەمینەکان بووبە بابەتی دوو سەمیناری ئەنستیتۆ
د. سامان شاڵی، بە باسی "کاریگەریی زۆرینە و کەمینە لە سیستەمی دیموکراسیدا" باسەکەی پێشکەش کرد و لەو میانەشدا چەمکی کەمینەی کولتووری و سیاسی و نەتەوەیی شی کردەوە و لەسەر ئەو بنەمایەش دۆخی زۆرینە و کەمینەی لە پانتاییی گشتیی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان خستە بەر باس.
لە سەمیناری دووەمدا، د. سامان سۆرانی، بە ناونیشانی "کەمینەکان لە ئیسرائیل لە نێوان ناکۆکی و ئاساییکردنەوە"دا، ڕوانگەیەکی فراوانی بۆ شیکردنەوەی دۆخی کەمینەکان لە ئیسرائیل پێشکەش کرد و هەل و دەرفەتەکانی بەردەم دیموکراسیی ئەو وڵاتەی خستە ڕوو.
بەشێکی فراوانی چالاکییەکەش بۆ پرسیار و گفتوگۆی نووسەر و توێژەر و ڕۆژنامەنووسانی ئامادە تەرخان کرا و دیدگا و تێبینیی جیاواز لەسەر هەردوو سەمینار خرانە ڕوو.
پرسی زۆرینە و کەمینە لە ئەزموونە دیموکراسییەکاندا، بە پێی زەمینە و کولتوور و سیستەمی سیاسی، جیاوازی و تایبەتمەندییان هەیە و پرسێکی کلیلییە لە وەرچەرخانی دیموکراتی و گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان.