ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان

پردێک لە نێوان زانست و سیاسەت و خەڵک

Institute for Research and Development (IRDK)

په‌یوه‌ندیی نێوان ده‌رووندروستی و كۆمه‌ڵگه‌ له‌ سه‌مینارێكی ئه‌نستیتۆدا

ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی شوباتی ٢٠٢٣، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - كوردستان-IRDK، سەمینارێكی لەبارەی (ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی كۆمەڵی كوردستان كە بوونەتە كێشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی) بۆ دەروونزانانی ئەكادیمی پ. د. یوسف حەمەساڵح، دکتۆرا لە دەروونناسی و پ. ی. د. محەمەد تەها حوسێن، دکتۆرا لە دەروونناسی بەڕێوە برد.

لە بەشی یەكەمی سەمیناره‌كه‌دا، پ. د. یوسف حەمەساڵح، بۆچوونەكانی خۆی لەبارەی په‌یوه‌ندی و كارلێكه‌ریی نێوان سایكۆلۆژیا و كۆمەڵگەوه‌ خسته‌ ڕوو و باسی ئەو لایەنە دەروونییانەی كرد كە مێژوو و سیاسەت و ڕاگەیاندن لەسەر كۆمەڵگە و تاكەكان دروستی دەكەن.

"كۆمەڵگە كە لەو هەموو ناهەمواری و كێشە سیاسییانەی ڕابردووەوە هاتووە، دەرووندروستی تێیدا ئەستەمە و گرفتە دەروونییەكانی تێدا بەربڵاوە. بارودۆخی خراپی پەروەردەیی و دامەزراوەیی و ناكارایی وەڵامدانەوەی دەزگە نیشتمانییەكان بۆ داخوازیی خەڵك لە هەرێمی كوردستاندا، بەرهەمهێنەری هەستكردن بە نامۆیی و گرفتە كۆمەڵایەتییەكان بوونە."

ئەو پێی وایە: "دەرووندروستیی كۆمەڵگە ئەوە نییە تاك لەگەڵ كۆمەڵدا خۆی بگونجێنێت، بەڵكوو ئەوەیە كۆمەڵگە لەگەڵ پێداویستییەكانی تاك خۆی بگونجێنێت. ئەگەرنا، كێشە دەروونییەكان پەرە ده‌ستێنن؛ بۆیە چارەسەرنەكردنی كێشە قووڵەكانی مرۆڤی كورد، برەودانە بە كێشە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانی."


لە بەشی دووەمی سەمینارەكەدا، پ.ی.د. محەمەد تەها حوسێن، دكتۆرا لە بواری دەروونناسی، بۆچوونە دەروونناسییەكانی خۆی لەسەر كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو. پ. تەها حوسێن، پێی وایە جۆرییەتی (كوالێتی) ژیانی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا گرفتاوییە و گرێ و نەخۆشیی دەروونیی زۆری تێدایە.

"بەپێی دیدەكانی سیگمۆند فرۆید، سێ سەرچاوەی ئازار هەن: یه‌كه‌م، سەختییەكانی سرووشت، كە مرۆڤ ناتوانێت بەسەریاندا باڵادەست بێت. دووەمیان، سەختییەكانی بایۆلۆژیا و جەستەیە كە له‌ كاریگەرییەكانی نەخۆشی و تەمەندا ده‌ردەكەون. سێیەمیان، قورسیی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و شارستانییەكان و ناكۆكییە لەسەر ڕێكخستنیان، كە لە كۆمەڵگەكاندا ململانێ پێك دێنێت."

"دامەزراوەكان، یاساكان و بەستێنی كۆمەڵایەتی، كاریگەریی گەورەیان لەسەر دروستبوونی خود هەیە، خودێك كە لە نێوان عەقڵانییەت و ناعەقڵانییەتدایە، ئەوەش پێویستیی بە دروستكردنی سیستەمێك هەیە كە مرۆڤسازییەكی خودسەنتەر و خۆبەڕێوەبەر دروست بكات."

دەشڵێت: "لە ڕوانگەی ماسلۆوە، مرۆڤ بە پێویستییە بنەڕەتییەكانی وەكوو خۆراك و خەوتن و سێكس دەژیت، بەڵام دابینبوونی ئەمە، پەیوەندیی بە ژیانی جەستەوە هەیە و مرۆڤ پێویستی بە پێداویستیی باڵاتری وەكوو ئاسایش و سۆز و خۆشەویستی و ئارامی هەیە. ئەگەر مرۆڤ ئەو پێداویستییە بنەڕەتییانەی نەبێت، دڵبەسته‌یی و ئینتمای بۆ بەها باڵاكانی ڕێكخستنی سیاسی و كۆمەڵایەتی نابێت."  

ئەو پێی وایه‌ "ئارامیی دەروونی تەنیا پەیوەندیی بە سیاسەت و دامەزراوەكانەوە نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بە دامەزراوە ئاینییەكانیشەوە هەیە؛ ستراتیژی ئایین ئارامیی دەروونی و خودڕەزامەندییە. هەروەكوو چۆن فرۆید وای بۆ چووە ئایین ڕەگەزێكی گرنگی پێكهاتنی شارستانییەته‌."

لە پرسێكی دیكەدا، دەروونناس گرنگیی ژینگەیی لە دروستكردنی مرۆڤ و ئارامیی دەروونیی مرۆڤدا باس كرد كە دامەزراوە جیاجیاكان لە كۆمەڵگەدا بەشێوەی ورد بەشداری لە پێكهاتنی دەرووندروستیدا دەكەن. تاك هەڵگری هێزەكانی شەڕخوازی و بەرچاوتەنگییشە، كە تەنیا بە ژینگەی لەبار و دروست و زانستی ڕێك دەخرێت.

لە بەشی كۆتایی سەمینارەكەدا، ئامادەبووانی ئەكادیمی و نووسەر و توێژەران، پرسیار و ڕای خۆیان بۆ هەردوو میوان دەربڕی و گفتوگۆی هەمەلایەنە دروست بوو.


IRDK Logo
ئەمە هاوبەشی بکە