ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان

پردێک لە نێوان زانست و سیاسەت و خەڵک

Institute for Research and Development (IRDK)

پێداگۆجیی تایبەت تاچەند بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە؟

ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدانی کوردستان- IRDK ڕۆژی دووشەممە ١٠/٨/٢٠٢٠ سەمینارێکی تایبەتی بۆ فەرهاد جەهانمیهەن، پسپۆڕی بواری پەورەردە و مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی سودێرتۆرن لە ستۆکهۆڵم، لەبارەی پێداگۆجیی تایبەت (شێوازی پەروەردەی تایبەت) لەسەرهێڵ بەست. جەهانمیهەن کە لە بواری ئێتنۆلۆژی و پێداگۆجیی تایبەت ماستەری هەیە، هەنووکە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم لە زانستی پەروەردەی منداڵ و مێردمنداڵ سەرقاڵی خوێندنی دۆکتۆرایە.

لە سەرەتای سەمیناردا، توێژەر باسی لە کۆمەڵێک بۆچوون و بنەمای پەروەردەیی پەیوەست بە بەها کلتوورییەکان و بەڕێوەبردن کرد. هەروەها بەشێوەیەکی ورد باسی لەو چەمکە پەروەردەییانە کرد کە تا ڕاددەیەک ناڕوونن و تەمومژ و تێکەڵبوون لە نێوانیاندا هەیە. جگە لەوە سەمیناریست باسێکی درێژی لەبارەی سیستەم و ژینگە و سەرخانی پەروەردەیی ڕوونکردەوە، بەشێک لە تێگەیشتن و بۆچوونە زانستییەکانی لەوبارەیەوە خستەڕوو کە جێگەی گرنگیپێدانە لە پانتایی توێژینەوەسازیدا.

لە قوڵایی سەمیناریشدا توێژەر باسی لە پەروەردەی تایبەت و زەمینەی پەروەردەی تایبەت لە کوردستاندا کرد. لەم ڕووەوە پایە و بنەماکانی پەروەردەی تایبەتی لە هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو خستەبەرباس و بەربەست و ئاستەنگە ماریفی و کۆمەڵایەتی و بیرۆکراسییەکانی ڕوونکردەوە.

لە دوای قسەکانی توێژەر، بەشدارانی سەمینار هەریەک لە بەرپرسی گشتیی ئەنستیتۆ (سەرۆ قادر) و بەرپرسی پرۆگرامی پەروەردەی ئەنستیتۆ (د. نارین ئاکرەیی) و بەرێوەبەری گشتیی فێرکردنی بنەڕەتی و باخچەی ساوایان لە وەزارەتی پەروەردە (شیلان خەلیل جونەید) و بەرپرسی ژووری ئابووری ئەنستیتۆ (حوسێن کوردنەژاد) بۆچوون و ڕای خۆیان لەبارەی پرسی سەمینارەوە دەربڕی.



IRDK Logo
ئەمە هاوبەشی بکە