کێشەی بروانامەی قوتابخانە ئەهلییەکان و گەڕان بە دوای چارەسەردا
رۆژی ١٦/٨/٢٠١٧ ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان ـ کوردستان، سەمینارێکی بۆ بەرێز (برزۆ فەیسەڵ) شارەزا لە بواری یەکسان کردنەوە و هەڵسەنگاندنی بڕوانامەکان لە وەزارەتی پەروەدە بەناوی (کێشەی بروانامەی قوتابخانە ئەهلییەکان و گەڕان بە دوای چارەسەردا) ساز کرد.
قوتابخانە ئەهلییەکان ساڵ بەساڵ ڕوو لە زیادبوون دەکەن، بەپێمی ئاماری وەزارەتی پەروەردە، لە ئێستادا ٢٧٨ قوباخانە و باخچەی ساوایان و پەیمانگای ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
بەگوێرەی ئاماری دیمۆگرافی رێژەی گەنجان و منداڵانی خوار تەمەنی ٢٠ ساڵی یەکجار بەرزە لە کوردستان، ئەم ڕێژەیەش بە نزیکەی نیوەی رێژەی دانیشتوانی هەرێم دادەندرێ، ئەمەش نشاندەری ئەو فشارە زۆرەیە لەسەر پەروەدەی هەرێمی کوردستانە، بۆیە کردنەوەی قوتابخانە ئەهلییەکان بۆ پێشکەش کردن و رەخساندنی بواری تازە و مۆدێرنی فێرکردن پێویستە، هەروەها بۆ سوکتر کردنی ئەو بارە قورسەی کە لە ئەنجامی بوونی ئەو رێژە زۆرەی قوتابی لەسەر شانی وەزارەتی پەروەردە پێویستە.
وەزارەتی پەروەدە بۆ ئەوەی پەرت و بڵاوی و بێسەروبەری لە بواری خوێندندا دروست نەبێت، دەبێت ئەو قوتابخانانە لەژێر یاسا و فەلسەفەی پەروەردەیی هەرێمی کوردستاندا کۆبکاتەوە.
لە ساڵانی رابردو سەرەرای بایەخ و پێویستیی هەبوونی ئەو قوتابخانە ئەهلییانە، قوتابیانی کوردستان توشی کۆمەلێک گیر و گرفت بوونەتەوە، بەتایبەتی لە بواری هەڵسەنگاندن و یەکسان کردنەوەی بڕوانامەی دەرچوانی ئەو قوتابخانانە کە لە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەیە.
لەم سەمینارەدا بەرێز برزۆ فەیسەڵ باسی لە گرفتی یاسایی لەگەڵ ئەو قوتابخانانە دەکات، هەروەها باس لەوەی کە ئەو قوتابخانە ئەهلییانە تا چ ئەندازەیەک رەچاوی یاساکانی وەزارەتی پەروەدە دەکەن دەکات.
ئەم بابەتە بە هاوکاری لەگەڵ ئامادابوانی شارەزای بواری پەروەردە و کاربەدەستانی وەزارتی پەروەدە گفتوگۆ کرا، بە ئومێدی ئەوەی بتوانین کێشە و گرفتەکان دەست نیشان بکەین و لە هەمان کاتدا میکانزم و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.