كاریگەرێتیی ڕێبەرایەتیی كاریگەر لەسەر ژینگەی فێربوون
ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان ــ كوردستان، لە 27/07/2013دا، پرسی كاریگەرێتی ڕێبەرایەتی كاریگەر لەسەر ژینگەی فێربوون گەنگەشە كرد و بۆ ئەو مەبەستەیش، بەڕێز (د. كرمانج گوندی، مامۆستا لە بواری بهڕێوهبهرایهتی پهروهردهیی له زانكۆی تێنێسیی ئهمهریكی) بابەتی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد.
كاریگەرێتی ڕێبەرایەتی كاریگەر لەسەر ژینگەی فێربوون: هەر جێیەك مرۆڤ تێیدا ئیش بكات، پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتییەك هەیە، جۆری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەستنیشانكەری پرۆسێسی پێشكەوتنی ئەو ڕێكخراوەیە، جا چ پەروەردەیی یان سیاسی یان جڤاكی (کۆمەڵایەتی) بێت. زانستی پەروەردە پێویستی بە زانستی پرۆفیشناڵ هەیە، ئەو زانستەی كە بە مەهارات وەردەگیرێ بۆ ئیدارە كردنی ئەو ئەركەی بەشێوەیەكی زانستی پێی سپێردراوە. پێویستە بەڕێوەبەرانی پەروەردە ئەو زانستە پرۆفیشناڵەیان هەبێت كە پێوەندی بە كاری ئەوانەوە هەیە. ناكرێ لە سەدەی بیستویەکدا، مرۆڤ بەشێوەیەكی كاریگەر كارەكانی خۆی بەتایبەتی لە بواری پەروەردە بەرێوە ببات ئەگەر بەهرەی تەكنۆلۆژی نەبێت. بەهرەی تەكنۆلۆجی یارمەتی دەدات کە مرۆڤەکان بتوانن بە شێوەی كاریگەرانە ڕێبەرایەتی بكرێن و بەرهەمی چاك بخەنە ناو كۆمەڵگاوە. بەرهەمی باش لە بواری خوێندندا قوتابییە. بەڕێوەبەر دەبێ بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی سەرپەرشتی قوتابیان بكا و بە گوێرەی پێویستییەكانی ئەم قۆناخە ئامادەی قۆناخی دواتریان بکا، كە بتوانن لە دوا قۆناخدا ئەو پرۆسێسانە تەواو بكەن تا كەسانی بەهرەمەند لە بواری زانست و ئەكادیمی و ڕوحیدا خزمەتی نەتەوە و نیشتمانی خۆیان بكەن.
زۆربەی ڕێبەران شارەزای زانستی سەردەمن، بەڵام جۆری پەیوەندییان بە خەڵكانی دەورووبەریانەوە، لەو ئاستەدا نییە كە بتوانێ كاریگەریان لەسەر دابنێ، بۆیە دەبینی ئەو كەسە زۆر سەركەوتوو نییە، بۆیە بۆ مرۆڤی ڕێبەر لە هەر بوارێكی ڕێبەرایەتیدا كەناڵی پەیوەندی كردنی بەهێز بێت بەتایبەتیش بۆ كۆمەڵكەیەكی وەكو كوردستان كە بۆتە كۆمەڵگەیەكی فرە فەرهەنگ و ئاین و مەزهەب، بۆ مرۆڤی ڕێبەر پێویستە بێ ئەوەی قسە لەو لایەنە فەرهەنگیانە بكات هەمیشە لە زهنیەتیدا بونی هەبێت، هەوڵ بدات ئەو لایەنە فەرهەنگییەی كە كۆی گشتی فەرهەنگی كوردستان پێك دێنێ هەوڵ بدات و یارمەتیان بكات بۆ ئەوەی هەریەك لە بەشی خۆی پێش بكەوێت.
ڕێبەرانی پەروەردەیی وەك كەسانی خاوەن دیدن بۆ ئایندە، پێویستە هەوڵ بدەن كاری قوتابیان بەرەوپێش بەرن بەوەی كە تەواوی سەرچاوەكانی پێویستی پەروەردە بۆ مامۆستایان ئامادە بكەن تا خوێندن فێر بوون لەو بوارە ئاسانكاری بكرێ، چونكە ئەوەش دەبێت لەسەر ئەو ڕاستیە حیساب بكرێ كە فێربوون بەشی هەموو كەسی تێدایە چونكە هەموو قوتابیان دەتوانن فێرببن، ئەوەی زۆر زۆر گرینگە بۆ مامۆستا كە لە پۆلدایە بۆ ئەوانەی كە سەرپەرشتی پرۆسێسی خوێندن دەكەن لە قوتابخانەكان ئەوەیە كە وەك بەشێك لە فەلسەفەی پەروەردەیی ئەوان ئەوەبێ كە هەموو قوتابیاك جیا لە جەستەی فیزیكی توانای فێربونی هەیە، هیچ قوتابیەك نییە لە پۆل توانای ئەوەی نەبێت شتێك فێر ببێت. ڕێبەرانی پەروەردە پێویستە هەمیشە ئاسانكاری بۆ پێشكەوتن و سەركەوتنی مامۆستایان بكەن، هەروەها ئەو كارمەندانەی لە قوتابخانەكان كار دەكەن بە پەروەردەكردنی فەرهەنگی پشتگیری بۆ مامۆستایان لەو پرۆسێسەی كە تێیدا فێربونی قوتابیان سەرچاوە دەگرێ بۆ پێشەوە ببات، لە دونیای دەرەوە ڕێبەرانی قوتابخانە دەورێكی زۆر كاریگەر دەبینن لە نوێكردنەوەی زانستی مامۆستایان، بەوەی كە بەردەوام دەیاننێرن بۆ سەمینار و كۆنفرانس، خەڵكی پرۆفیشناڵ بانگ دەكەن بۆ قوتابخانەكانیان یان بۆ سیستەمی ئیدارەی قەزا و ناحیەكان، بۆ ئەوەی مامۆستایانی ناوچەكە هەموو بەشداربن لەو دەورەیە بەو مەبەستەی شتی تازەیان فێر بكەن.
مامۆستا بە تەنیا لەوانەیە هەموو ئیمكانیاتێكی نەبێ، بۆیە ڕێبەران و كاسانی خاوەن دید پێویستە بەردەوام خۆی نوێ بكاتەوە بە زانست و زانیاری نوێ تا بتوانێ مامۆستایانی پێ ساز و ئامادە بكات، ئەوانیش قوتابیان فێر بكەن.
ڕێبەرانی كاریگەری پەروەردەیی كەسانێكن كە خەڵك هاندەدەن تا ڕوویان لە ئایندە بێ، بۆ ئەوەی تەكنیكی نوێ بەهرەی نوێ شێوەی نوێ زانستی نوێ فێر ببن، تا لە ئایندەدا بۆ خۆیان و قوتابیانیان سودمەند دەبێ. ڕێبەرانی كاریگەری پەروەردەیی بیر لەو شتانە دەكەنەوە كە كەمتر بیریان لێ كراوەتەوە، كاری ئەوان لە بەرەوپێش بردنی بوارەكانی ئابوری، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ڕووحی قەوارە دەگرێ، بۆ ئەوەی خەڵك بەرەوپێشتر و سەركەوتوتر ببەن.
لە سەرتای سەدەی بیست و یەك ڕێبەر ناتوانێ ڕێبەرایەتی بكات ئەگەر دیموكراسی نەبێ، ئەگەر تێكەڵی خەڵك نەبێ و پەیوەندی لەگەڵیاندا نەبێ، ئەگەر خزمەتگوزار نەبێ، ئەگەر بە توانا نەبێ، ئەگەر بەهرەمەند نەبێ بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجە سەرەكیەكانی كە ئەو ڕێكخراو یان قوتابخانەی لە پێناودا دامەزراوە.
ڕێبەرانی كاریگەر شێوەیەكی مەنیجەرین، ئەوان دەزانن كە مەهارەتی مەنیجەری زۆر پێویستە بۆ ئەوی قوتابخانە بە شێوەیەكی كاریگەر بەڕێوەببرێ، بۆ مرۆڤی ڕێبەر ناتوانێ ڕێبەرێكی سەركەوتوبێ ئەگەر مانیجەرێكی باش نەبێ، كاتێك ڕێبەرایەتی دەكەی ئەو ڕێكخراوەی كە لە ژێر ڕێبەرایەتی تۆدایە و بشتەوێ بەردەوام بەرەوپێشی ببەی، ئەوا بە هەمان شێوە تۆ ڕۆژانە كاری مەنێجی ئەو ڕێكخراوە ئەو قوتابخانەیە دەكەی، بەڵام بۆ مانیجەر شەرت نییە ڕێبەر بێ ئەگەر شارەزایی لە مەنیجەری كاری خۆیدا هەبێت.
ئەو ڕێبەرانە لە پڕۆسێسی بڕیاردان جەخت دەكەنە سەر ئەو بڕگانەی خوارێ:
1 دروست كردنی زەمینەیەكی پتەو بۆ لەكترگەیشتن و هاوكاری كردنی یەكتری. بۆ ئەوەی ژینكەیەكی تەندروست لەناو ئەو ڕێكخراوەی كە كاری تێدا دەكەی و بەڕێوەی دەبەی هەبێ، پێویستە كەناڵی پەیوەندی زۆر ڕۆشنبێ، هیچ شتێكی بواری پەیوەندی كردن یان جێگەیەك نەمێنێ تا كەسێك لێی تێنەگەیشتیێ، بەتایبەت ئەگەر تۆ وەك ڕێبەر بتەوێ كارێك ئەنجام بدەی و داوا لە چەند مامۆستایەك یان ئەو كارمەندانەی بۆتۆ كار دەكەن ئەو كارەت بۆ ئەنجام بدەن، ئەوا پێویستە تەواوی پێداویستییەكانی ئەنجامدانی كارەكە ئامادە بكەی، وە بەردەوام دەبێ لێیانەوە نزیك بی بۆ ئەوەی كە پێیستیان پێت هەبوو لە كارەكەدا.
2 دروست كردنی تیمی هاوكاری لەنێوان هاوكارەكان، پەیوەندی نێوان بەڕێوەبەرانی هەموو بوارەكان یارمەتی دەری سەرخستنی كارەكانیان دەبێت، بەتایبەتی لەبواری پەروەردەو سەرخستنی بواری فێركردن.
3 دامەزراندنی كەناڵێكی پەیوەندی زۆر گرینگە كە تێیدا پەیامی لێوەربگیرێ و پێیشیدا بنێردرێ. چونكە ڕێبەر ناتوانێ بە مامۆستا بڵێ ئەوە بكە ئەوە مەكە بەڵكو دەبێت قەناعەتی بەو شتە یان كارە پێ بێنێ بۆ ئەوەی بە قەناعەتەوە ئەنجامی بدات.
4 هاریكاری كردن لە بڕیاردان، ئەنجامدانی ئەو كارە بە شێوەی ناوخۆیی و بەیەكە ئەنجام بدرێ، بڕیاردان ئەگەر بە كۆ بێت و مامۆستایان پریسان پێ بكرێ لەو كارەی كە پەیوەندی بە قوتابخانە هەیە كە ئەوان ئەندامن تێیدا، نەك هەر زەرەری نییە بەڵكو سودی زۆرترە، چونكە كەسانێك كە لە پڕۆسێسی بڕیاردان پرسیان پێ بكرێ، كاتێك بڕیارەكە دەدرێ ئەوان هەست بە ئەكی ئەخلاقی خۆیان دەكەن لە ئاست ئەو بڕیارە، بۆیە گرینگە مامۆستایان وە كەسانی شارەزا بخرێنە ناو ئەو پڕۆسێسە.
ئەو دایەگرامەی كە بۆ ئەم مەبەستەی ڕێبەرایەتی ئامادەكراوە دوو جەمسەری هەیە، یەكیان لەگەڵ خودی خۆت وەكو تاك، دووەمیان لەگەڵ خەڵكی دیكە.
لەگەڵ خۆت بەتایبەتی لە بواری پەروەردەیی پێویستە لە بواری فێركردنی قوتابیدا كەسێكی خاوەن كەرامەت بیت. خۆ نوێكردنەوە لایەنێكی دیكەی ژیانی پەروەردەییە، چ ڕێبەر بی چ نەبی، ئێمە لە قۆناغێكدا دەژین كە سەدەی زانیاری پێ دەڵێن، لەوسەری دونیا بۆ ئەوسەری دونیا لەماوەی چەند خولەكێك زانیاری دەگوازینەوە، مرۆڤ گەر بەردەوام خۆی نوێنەكاتەوە ناتوانێن لە بواری پەروەردەیی یان هەر بوارێكی كە پەیوەندی بە فكرەوە هەبێ بەروەپێش بچێ، پێویستە بەردەوام لە خۆنوێكردنەوەدابین. بۆ مرۆڤی ڕێبەر پێویستە هەمیشە گوفتار و ڕەفتاری یەك بێت.
لایەنێكی دیكەی گرینگ پەیوەندی ڕێبەرە لەگەڵ خەڵكە، وەكو ڕێبەر دەبێت خاوەن دووربینی بی و ئامانجت هەبێ، لە پێناوی چ ئامانجێك ئیش دەكەی، ئارمانجی سەرەكی تۆ فێركردنی قوتابیان و پەروەردەكردنیانە، نەك هەر لە بواری ئەكادیمی بڵێی ئێكس كۆ وای یەكسانە بە زیی، ئەوە تەواوی لایەنی فێركردنی قوتابی نییە، لایەنی ئەكادیمی و زانستی هەموو شتێك نییە، چونكە ئەوانە ڕێبەرانی ئایندەن بۆیە دەبێت لایەنی ڕووحی و كۆمەڵایەتی و مرۆیی بە هەمان شێوە دەبێ بایەخی پێ بدرێ.
ئەنجامدانی كار بە خەڵك، بۆ مرۆڤی ڕێبەر هەرچەند زیرەك و بەهرەمەندیش بێ ناكرێ خۆی وا دابنێ كە هەموو شتێك دەزانێ، هیچ كەسێك هەموو شتێك نازانێ، بەڵام هەریەكێك لە ئێمە شتێك دەزانێ، كۆكردنەوەی ئەو شتانەی كە هەریەك لە ئێمە دەیانزانین كۆمەڵێ شتی سەركەوتووی لێ پێك دێ، بۆ ئەوەی مرۆڤی ڕێبەر یان مامۆستا یان قوتابی تا هەست بكەن كە بەشێكن لە بەڕێوەبەرایەتی كاریان پێ بسپێرە، بەڵاام هەر كارێك بە هەر كەسێك مەسپێرە، ڕاسپاردنی كار بە كارمەندان و مامۆستایان یەكێكە لە هەرە كارە سەركەوتووەكانی ناو پرۆسێسی فێركردن.
گرینگە وەكو ئەندامێك هەمیشە لە مەیدانی گۆڕانكاریەكاندا خۆت ببینیەوە، ڕاستە زۆر جار كارەكان ڕێكن و بەڕێوە دەچن، بەڵام نابێ بڵێی مادام كارەكان بەڕێوە دەچن پێویست نییە هێچ بگۆڕم، مرۆڤ دەبێت هەمیشە چاوی لە گۆڕانكاری بێت ئەوە گۆڕانكارییە كە شتەكان نوێ دەكاتەوە، پڕۆسێس نوێدەكاتەوە، هەگبەی زانست و عەقڵیەت نوێدەكاتەوە، بۆیە بەردەوام باشە كە لەگەڵ گۆڕانكاری بن.
مامۆستایان وەك ڕێبەر لە هەرە كاریگەرەكانی شێوازی ڕێبەرایەتین، كە كاردەكاتە سەر دەرئەنجامەكانی كۆتایی قوتابیان و نەخشەی بەڕێوەبردنی قوتابخانە، مامۆستا ئەگەر كوالێتی هەبێ و شارەزای ئەو بابەتەی كە دەڵێتەوە هەبێ، لە بواری مانجی كلاس ڕووم لەگەڵ قوتابیان و هاوكارانی ڕەفتاری باش بێ، ئەو جۆرە مامۆستایانە هەمیشە قوتابیەكانیان سەركەوتوونە و لە بواری پڕۆگرامی پەروەردەیی دەتوانن ڕۆڵێكی گرینگ ببینن، بەو یێیەی كەسانی شارەزای بوارەكانی خۆیانن، ڕۆڵی ئەوان وەكو بەڕێوەبەران وەك ڕۆڵی ڕێبەران نییە، ئەوان وەكو مودیر نین، بەڵام ڕۆڵی وان پێویستی بەوە هەیە كە خۆیان لە جۆری بڕیاردان لە سەرێ بۆ خوارێ بپارێزن، كار بكەن كە ترادسیۆنی بڕیاردان بە كۆمەڵ دروست بكەن كە تێیدا هاوكاری بەرەوپێشچوون بكات.
ڕێبەرایەتی مامۆستایان لە سەرەتا بەوە دەست پێدەكات كە كۆشش بكەن بۆ گەشەكردنی لایەنی ئەخلاقی و بنەماكانی ڕێبەرایەتی خزمەتگوزار كە دەبنە بەشێك لە بەهاكانی نێوخۆیی.
بۆ بەڕێوەبەر بۆ مرۆڤی ڕێبەر ئەگەرچی كارەكانی لەسەر ئاستی ناوچەیەكی بچوك و لۆكاڵیش كار دەكات یان وانە دەڵێتەوە، بەڵام دەبێت كارەكانی لەسەر ئاستی نەتەوە و وڵات و لەسەر ئاستێكی زۆر بەرز ئەنجام بدات. وەكو ڕێبەران مامۆستایان لە سەدەی بیست و یەك پێویستە ماددەكانی دیموكراتی بڵێنەوە، دەبێت قوتابیان فێربكەن كە مافەكانی خۆیان بزانن، وەكو مرۆڤ وەكو تاك بەرپرسیاریەتی خۆشیان بزانن.
لایەنی دیموكراسی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی تەندروست بەبێ بونی سیستەمێكی پەروەردەیی تەندروست مەحاڵە دابین بكرێ، بۆ نمونە لێرە ئافرەتان ئازاد نین ئەگەرچی چەندین ڕێكخراوی ئافرەتان هەیە بەڵام لە هەندێ حاڵەی باری ئافرەتانیان قورستر كردووە، بۆ ئەوەی كۆمەڵی مرۆڤایەتی لەو قەبرانە بێتە دەرێ، دەبێ هەوڵ بدەین سیستەمێكی تەندروستی پەروەردەییمان هەبێ كە تەماشای ژن نەكات وەكو ژن بەڵكو تەماشای ژن بكات وەكو مرۆڤ، قسە لە مافی ژن نەكرێ چونكە مافی ژن بەشێكە لە مافەكانی مرۆڤ، مافی ژن لە مافی مرۆڤ جیاناكرێتەوە، بۆیە پێویستە هەوڵ بدرێ مافەكانی مرۆڤ بە شێوەیەكی تەندروست بخوێندرێ و پێش بخرێ، لە جیاتی ئەوەی لایەنی ڕەگەزی بخرێتە پێش لایەنە سەرەكییەكە.
پەرەپێدانی لایەنی پرۆفیشنالیزم، وەك باسم كرد كە بڕوانامە وەردەگرین و دەچینە پۆلەكان وانە دەڵێینەوە بەو مانایە نییە كە ئەو شتانەی پێویستە فیربووین و پێویست بە شتی تر ناكات لە ئایندەدا فێری بین، پەرەپێدانی پرۆفیشنالیزم نوێكردنەوەی هەگبەی زانستییە، چە لەسەر ئاستی ڕێبەرایەتی یان مامۆستایی، كە گرینگە هەردوو لا هاوتەریب خۆیان نوێ بكەنەوە، چەنكە نوێكردنەوەی هەگبەی زانستی ئەوان كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر فێركردنی قوتابیان بەشێوەیەكی تەندروست، لە بواری پەروەردەیی پەرەپێدانی پرۆفیشنالیزم بۆ درێژەپێدان بە ڕیفۆڕمی پەروەردەیی چارەسەرێكی حەتمیە. ئەوە دەبێت دیاری بكرێ كە كەسانی نوێ كە بە تازەیی دەچنە ناو كاری پەروەردە یان ئەوانەی دەیانەوێ ببنە مامۆستا، ئەوە ئەركی ڕێبەرە كە بزانێ لە چ لایەنێك ئەو مامۆستا تازەیە پێویستی بە نوێكردنەوەی زانیاری هەیە، بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بەشێوەیەكی مۆدێرن و سەردەمیانە قوتابیان پەروەردە بكەن. بۆ ئەم كارەش دەبێ تەحەدی فكریان بۆ دروست بكرێ، نەك ئەوی كە پێیانە بەكاری بێنن و لە ئاسودەییە پاڵی لێ بدەنەوە بڵێن پێویستمان بە زیاتر نییە، بۆیە بۆ ڕێبەر گرینگە ساڵی جارێك دووجار تەحەدی فكری بۆ مامۆستاكانیان دروست بكەن تا وایان لێ بكەن بە هەگبەی زانستی خۆیاندا بچنەوە. چونكە زۆر جار تا پرسیار لە یەكێك نەكەی نازانێ كە ئەو شتە نازانێ بۆیە ناچارە بەدوای سەرچاوەدا بگەرێ بۆ وەڵامی پرسیارەكە.