گرفتەکانی زمان و پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا
ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان-کوردستان IRDK، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٣، سەمینارێکی سەبارەت بە گرفتەکانی زمان و پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ دکتۆر فەریاد فازیل عومەر، سەرۆکی ئینستیتووتی کوردیی بەرلین و شارەزای زمانی کوردی بەڕێوەبرد.
دکتۆر فازیل، لە سەرەتای سەمیناردا بە شێوەی گشتی کەوتە باسکردنی پرسی زمان و ئاماژەی بەوە دا کە زمان پێکهاتەیەکی ناسنامەیی و کولتووری هەیە و نوێنەرایەتیی ناسنامەی نەتەوەیەکی دریاریکراو دەکات.
"ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە کە پێمان وابێت زمانی کوردی لاوازە و گرفتی تێدایە، ئەوە ئێمەین لاوازین و زمانەکەی خۆمان نازانین، ئەگینا کوردی زمانێکی فراوان و بەهێزە و لە فەرهەنگی ئەڵمانی-کوردی ئەمە بە دروستی دەرکەوتووە".
فەریاد فازڵ لە بەشێکی دیکەدا دەڵێت: من لەگەڵ ئەوەدا نیم کە بە پیتی لاتینی بنووسین، لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی لەناوچوونی هەموو ئەو سامانە ئەدەبی و فەرهەنگییەی کە تا ئێستا نووسراوەتەوە و ئەمەش دابڕانێکی زەمەنی و کولتووری دروست دەکات.
ناوبراو باسی مێژووی زمانی کوردی و پەیوەندی بە زمانەکانی دیکەوەی ناوچەکە کرد و بنەماکانی ڕەسەنایەتی و جیاوازیی زمانی کوردی لەگەڵ زمانە نزیکەکانی دیکەی خستە بەرباس.
ئەو باسی لە کاریگەریی پاراویی زمانی میللی و زمانی ناو خێزان کرد. لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەی بە یەکێکی دیکە لە کەناڵەکانی زمان دانا کە ئەو پێیوایە گرفتی زۆری تێدایە. لەم ڕووەوە گرفتەکانی زمانی لە پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمدا شیکردەوە؛ پێیوایە: عەقڵی فاشیزمی عەرەبی باڵی بەسەر میتۆدی پەروەردە و خوێندنی باڵادا کێشاوە.