دیاسپۆرا و ئەدەب
ڕۆژی چوارشەممە 2019/6/12 ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- IRDK سەمینارێكی زانستی-ئەدەبی بۆ (د.هاشم ئەحمەد زادە)، توێژەری بواری ئەدەبی لەبارەی (دیاسپۆرا و ئەدەب) سازدا.
دیاسپۆرا (ڕەوەند ــ جالیە) وەكو چەمكێكی سیاسی و دیموگرافی گرێدراو بە ئەدەب و ڕایەڵەكانی داهێنان لەلایەن توێژەرەوە لە ڕێگەی پێناسەكردنی هەریەك لە چەمكەكانی "دیاسپۆرا و تاراوگە و ئەدەب"ەوە، شیكرانەوە.
توێژەر زاراوەی دیاسپۆرا-ی لە ڕووی مێژووی پەیدابوون و ئیتمۆلۆژی و پەرەسەندنەكانی پەیوەست بە ڕووداوە سیاسییە كۆنەكان لێكدایەوە و ئەو قۆناغانەی جیاكردەوە كە لە هەر یەكێكیاندا دیاسپۆرا تایبەتمەندی خۆی وەرگرتووە. لەم ڕێگەیەشەوە پەیوەندیی ئۆرگانیی نێوان دیاسپۆرا و ناسیۆنالیزمی شیكردەوە كە چۆن كاریگەریی گەورەیان لەسەر یەكدی هەیە و لە پەیوەندیدان.
لەبەشێكی دیكەی باسەكەدا توێژەر رۆڵی تاراوگە و چییەتەكەی لە پەیوەندی لەگەڵ دیاسپۆرا و ئەدەبدا لێكدایەوە و باسیی داهێنانی ئەدەبی و ڕەوتی میتۆلۆژیای ئەدەبی لە مەنفادا خستە بەرباس.
نووسەر لەڕێگەی پیشاندانی كۆمەڵێ وێژەوان و ئەدیبی گەورەی كورد و جیهانییەوە، نموونەی كۆن و نوێی لەبارەی تەریوبوونی ئەدیبان لە مەنفا هێنایەوە و ڕۆشنایی خستە سەر ئەو بەرهەم و داهێنانە گەورانەی لە بواری ئەدەبیدا مەنفا و تەریوبوون و دوورەوڵاتی كاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی هەبووە. لەم ڕووەوە توێژەر پێیوابوو ئەو كاریگەرییە دەروونییە گەورانەی مەنفا لەسەر دیاسپۆرای درووستدەكات، لە زۆر باردا بۆتە هۆی بەرهەمهێنانی شاكاری گەورەی ئەدەبی.
بۆ ئەو باسە توێژەر یەكێك لە دەستەواژە هەرە بەربڵاوەكانی نووسەرانی تاراوگە پیشاندەدات كە دەڵێن :"ئێمە لە دەرەوەڕا وڵاتی خۆمان باشتر دەبینن"، ئەمەش وەكو ئاماژەیەك كە نووسەرانی بواری ئەدەبی دەشێت لە نێو پانتاییەكی دوورتر و لە شوناسێكی نوێ و ئازادییەكی زیاتردا سەرنجیان لەسەر وڵات و ژیانكردن تێیدا وردتر بێت، ئەوەش لە پانتایی داهێنانی ئەدەبیدا ڕەنگ دەداتەوە.
جێی باسە لە كۆتایی سەمینارەكەدا، گفتوگۆ لەنێوان توێژەر و ئامادەبووان لەبارەی دیاسپۆرا و سیاسەت و ئەدەب و زمان و داهێنان بە گشتی درووستبوو و پەیوەندی دیاسپۆرا و مەنفاش بە كوردەوە باسی لێوەكرا.