دۆخی جەنگی ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و ئاییندەى ناوچەکە
ڕۆژى چوارشەممە، ٢٢ى نیسانی ٢٠٢٦، ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان-کوردستان IRDK، مێزگردێکی لەسەر دۆخی جەنگی ئەمریکا و ئیسڕائیل لەگەڵ ئێران ڕێک خست و باسی کاردانەوەی جەنگەکە لەسەر هەرێمی کوردستان و دۆزی کورد بەگشتی کرا.
مێزگردەکە بۆ کۆمەڵێک ئەکادیمی و نووسەر بەڕێوە چوو، کە پێک هاتبوون لە: دکتۆر شێرزاد نەجاڕ، دکتۆر ڕەشاد میران، دڵشاد میران، دکتۆر عومەر نوورەدینی، دکتۆر نازدار سەجادی، دکتۆر ئیبڕاهیم خەلیل، ئەحمەد زاوێتی، عەبدولسەلام بەرواری، عەلی عەونی، ئاریان فەرەج و شەهریار شێخلەر.
لە مێزگردەکەدا کۆمەڵێک تێز و بۆچوون لەبارەى ئەو ململانێ جیۆپۆلیتیکییە چڕەی لەنێوان ئەمریکا- ئیسرائیل و ئێراندا لە ئارادایە، خرایە ڕوو، کە تێیدا تیشک خرایە سەر کاریگەریی ئەم هاوکێشانە لەسەر ناوچەکە و هەرێمی کوردستان.
بەشداران لە ڕێگەی بەکارهێنانی تیۆرییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، هەوڵیان دا شیکردنەوە بۆ ڕەفتاری زلهێزەکان لەم دۆخەدا بکەن، بەتایبەت لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە کە چۆن دەبنە هۆی دروستکردنی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
باسەکە جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدایە، ئەمەش پێویستیی بە داڕشتنی ستراتیجییەکی نیشتمانیی تۆکمە و یەکخستنی ناوماڵی کوردی دەبێت.
لە کۆتاییدا، وەک نەخشەڕێگەیەک کۆمەڵێک ڕاسپاردەی ستراتیجی پێشنیاز کران، کە ئامانجیان بەهێزکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان، پەرەپێدانی توانای ناوخۆیی و پەیڕەوکردنی دیپلۆماسییەکی هاوسەنگ و ژیرانەیە، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کە نەخشەی جیۆپۆلیتیکیی ناوچەکەیان گرتووەتەوە.













