چارەنووسی چینی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستان
ڕۆژی ٦ ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، د. کاوە مەحموود سکرتێری گشتیی حزبی شیوعیی کوردستان، لە ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان-کوردستان IRDK، سەمینارێکی لەسەر "چارەنووسی چینی ناوەڕاست لە هەرێمی کوردستان" پێشکەش کرد.
لە سەرەتای سمیناردا، کاوە مەحموود چەمکی چینی ناوەڕاست و پەرەسەندنەکەی باس کرد و دۆخ و پێکهاتەی ئەو چینەی لە سەردەمی سەرمایەداری و شۆڕشی پیشەسازیی چوارەمدا خستە بەر باس.
لەسەر هەمان پرس، دۆخی چینی ناوەڕاست و گەشەکردنیانی لە سی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستان لێک دایەوە و بەرز و نزمیی گەشەی ئەو چینەی بە دۆخ و گۆڕانکارییە ئابوورییەکانی هەرێمەوە بەستەوە.
ناوبراو باسی لە ئاستەنگ و دەرفەتەکانی بەردەم چینی ناوەڕاستی هەرێمی کوردستان کرد کە وەکوو چینێکی پارێزەری شارستانی و پێشکەوتن لەگەڵ ڕۆشنبیراندا بەرانبەر ڕەوتە نەریتییەکان لە پاشەکشەدا بوون.
لە هەمان باسدا کۆمەڵێک پێشنیار و ڕاسپاردەی خستە ڕوو و ئامادەبووانیش گفتوگۆ و پرسیاریان ئاراستە کرد.