ئەنستیتۆى توێژینەوە و گەشەپێدان – کوردستان

پردێک لە نێوان زانست و سیاسەت و خەڵک

Institute for Research and Development (IRDK)

بیری سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا

ڕۆژی چوارشەممە 21ی 5ی 2025، ئینستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان، سەمینارێکی لەسەر دیاردە تایبەتییەکانی بیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان ساز كرد، کە تێیدا بەڕێزان دکتۆر عومەر نوورەدینی،  باسێکی لەبارەی (پەیوەندیی نێوان حزب و دەسەڵاتی سیاسی- نموونەی هەرێمی کوردستان) و سەرۆ قادر باسێکی لە (ڕەوتە نامۆکانی ناو بیر و بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان) پێشكەش كرد.

لە بەشی یەكەمی سەمیناردا، دكتۆر عومەر نوورەدینی باسی لە حزبی سیاسیی كوردستانی كرد و بەراوردكارییەكی لەبارەی حزبی كوردی و حزبە جیهانییەكانەوە خستە ڕوو.

هاوكات بنەما سەرەكییەكانی حزبی سیاسیی كوردستانی شی كردەوە و گرنگترین پەرەسەندنە سیاسییەكانی مێژووی حزبی سیاسیی لە كوردستان خستە ڕوو.

نوورەدینی پێی وابوو لەنێو بارودۆخی سیاسیی كوردستاندا و بەپێی هەلومەرجی ژیان لە كوردستاندا، حزبی سیاسی ڕۆڵی سەرەكیی لە پرسی هۆشیاری و ڕزگاریدا بینیوە و زۆرجاریش بۆشایی نەبوونی هێزی دەوڵەتی بۆ كورد پڕ كردووەتەوە؛ لە هەمان كاتدا گرفت و كەموكورتییەكانی حزبی سیاسیی لە كوردستان خستە ڕوو.

لە بەشی دووەمی سەمیناردا، نووسەر سەرۆ قادر، پرسی "شۆڕشگێڕان و حزبی سیاسی"ی خستە ڕوو. نووسەر لەبارەی ڕوانگەی شۆڕشگێڕان، ناڕوونیی دیدگای سیاسی، شەرعییەتی شۆڕشگێڕی، ڕەفتاری دەسەڵاتخوازانە و دامەزراندنی پانتایی سیاسی لە دوای ڕاپەڕین بۆچوونەكانی خستە ڕوو.

سەرۆ قادر، باسی لە هەلومەرجی پێكەوەنانی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی لە سایەی حزبی سیاسیی كوردستانی كرد و گرفت و كێشەكانی ئەو بەدامەزراوەییبوونەی خستە ڕوو كە لە ناو بزووتنەوەی سیاسیی كوردستاندا تێبینی دەكرێت.

نووسەر ئەوەی خستە ڕوو، كە واقیعبینی و زانستخوازی و پابەندبوون بە دادگەرییەوە، لە سەد ساڵی ڕابردوودا بنەمای ڕزگاریی چەند گەلێك بوون كە سەركردەكانیان پیادەیان كردووە. لە بەرانبەردا ئەو كۆمەڵگانەی بۆ ئەو بنەمایانە نەگەڕانەوە، تووشی تەنگوچەڵەمە و شەڕی ناوخۆ و كێشەی ستراتیجی بوون.

لە دوای پێشكەشكردنی سەمینار، گفتوگۆی هەمەلایەنە كرا و کتێبی (سەرکردەکان و حوکمڕانی)، لە نووسینی سەرۆ قادر، پێشکەش بە ئامادەبووان كران.


IRDK Logo
ئەمە هاوبەشی بکە