دەرهاویشتە و تەنگژەکانی دوای هەڵبژاردن چۆن رێبەری دەکرێن؟
تایبەتمەندی زۆر دیاری هەڵبژاردنی ئەمجارەی كوردستان, ئەو گۆڕانكارییەیە كە لە مەزاجی دەنگدەر و هەڵوێستی كۆمەڵگادا بیندرا, هاووڵاتیان لەكاتی دەنگداندا هەنگاوێكیان بەرەوپێشەوە هاویشت لە هەڵوێستە كردن و گۆڕینی بیروڕای خۆیان لەسەڕ ئەو لیستانەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا دانگیان پێدەدا. ئەوە بە گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی سیاسی دادەندرێ و نیشانەی جووڵانی چینی ناوەڕاستە کە هەمیشە گۆڕان لە شەعبیەتی حزبەكاندا دروست دەكات.
ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بەڵانسی سیاسی نێوان حیزبەكانی تێكدا و تەنگژەیەكی سەراسەری لێکەوتەوە.١- پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەمێکی مام ناوەندی هاتەوە مەیدان و جموجۆڵێك لە ژمارەی دەنگەكانیدا هەیە بەڵام تا ئێستا زۆر لەو پێگەیەوە دوورە كە بتوانێ بە تەنیا کابینە پێکبێنێ. ٢-یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی سلێمانی و ناوچەیی و سەرانسەری كوردستان دۆڕاندی, خاوەنی دەستەڵاتی تەواوی ناوچەی سلێمانییە و ئێستا كە دۆڕاندویەتی مەكتەبی سیاسییەكەی وەك حكوومەتێك لەناو حكوومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵ ئەو ترسە كە دەكەوێتە سەر دەستەڵاتەكەیان كرد. ٣- بزوتنەوەی گۆڕان وەك حزبی یەكەم لە هەمان ناوچە هاتە پێشەوە. لە شارەكانی دیكەیشدا جموجۆڵێك لە ژمارەی دەنگەكانیدا هەیە. ٤-یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی (حزبە ئیسلامیەكان), توانیان ژمارەی كورسیەكانیان زیاد بكەن بەڵام دەنگەکانیان کەمبووەتەوە, هەرچەند جیاوازیەك هەیە لەنێوان كەمبوونەوەی ژمارەی دەنگدەر لەسەر ئاستی كوردستان لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی كورسیەكان, كە ئەمەش پەیوەندی بە سیستەمی هەڵبژاردنەوە هەیە.
ئەو تەنگژەیە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە تەنگژەیەكی ئیجابیە, واتە پۆزەتیڤە چونكە كۆمەڵگەی سیاسی و خواستی دەنگدەر پاڵی بە هەیكەلی سیاسی شۆڕشگێڕانەی كوردستانەوە ناوە تا جۆرێك لە سەرەتاكانی بە دامەزراوەیی کردن یان بە موئەسەساتی بوونی ژیانی سیاسی بسەپێنێ.
بزووتنەوەی گۆڕان:
سیاسەتی نوێی گۆڕان بریتیە لە خشین بەرەو بەدەستەوەگرتنی دامودەزگای دەسەڵات لە ناوچەی سلێمانی وەك هەنگاوی یەكەم, دوای ئەوە هەوڵدەدات هەمان سیاسیەت بگوازێتەوە بۆ هەولێر. بە پێی بیروڕای كەسانی نزیك لە نەوشیروان مستەفا دەستبەسەراگرتنی دامو دەزگای حكوومەت لە ناوچەی سلێمانی كارێكی زەحمەت نییە, لەناو هێزەكانی چەكداردا تەنیا دەزگای دژە تیرۆر بە بەربەستی خۆیان دەزانن, ئەگینا پێیانوایە لە هێزی پێشمەرگە و پۆلیسدا دەتوانێ بە ماوەیەكی كەم گۆڕانكاری بە ئیتیجاهی دەستبەسەراگرتنی دەستەڵات لەناوچەی سلێمانی دروست بكات. بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆگرامێكی سەرتاسەری و تۆكمەی بۆ بەڕێوەبردنی حكوومەت و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و ئابووری نییە، تا ئێستاش دەیەوێ زۆرترین خەڵك لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە بە مەبەستی وەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ, بەڵام لەكاتی هەوڵدان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەستەڵاتی قانوونی، لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیایەكی توندڕەوانە دەرنەچووە, بۆیە دەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵیدا دەستپێبکرێ و بخرێتە بەردەمی واقیعبینیەتی سیاسی, بەو مانایە كە لەمەودوا دەیانەوێ بێنە حكوومەت یان دەورێكی دیكە لە پەرلەماندا بگێڕن, پێویستە بەرنامەیان ڕوون بێت, نابێ بەرنامەكەیان تەنیا بریتی بێ لە بەڵێن و گوفتدان بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی بەرانبەر. دەكرێ زۆر بە ئاسانی پڕۆگرامی ڕاگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بخرێتە بەر رەخنە، بە گفتوگۆی ورد و تەرجەمەكردنی بۆ واقیعی عەمەلی ناچار بكرێن كە ئەو پڕۆگرامە جارێكی دی دابڕێژنەوە، لەسەر بنەمای هاوكاری كردن لە حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا وەكو بەشێك لە حكوومەت نەك وەك بەشێك لە ئۆپۆزیسیۆنی ناو حكوومەت كە بیانەوێ دامودەزگا حكوومەتییەكانی كە ئەوان بەڕێوەیدەبەن لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان یان یەكێتی نیشتمانی كوردستان یان لە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكاریبێنن.
گۆڕان لە شیعاری سلێمانچییەتی دوور نەكەوتۆتەوە, بۆیە ناكرێ بزووتنەوەیەک كە ئێستا بوو بە حزبی دووەم بە پشووی ناوچەگەرێتی بیەوێ بەشداری لە حكوومەتێكی نیشتمانیدا بكات. بزووتنەوەی گۆڕان لەژێر فشاری لە دەرەوەبوونی حكوومەتدایە, کە بریتییە لە فشاری بەرژەوەندی كادیر و لێپرسراوەكانیان.
بزووتنەوەی گۆڕان لە كەشێكی پڕ لە حەساسیەت بەرانبەر بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا دەژیەت, یەكێك لە نزیكەكانی نەوشیروان مستەفا پێیوایە: نەوشیروان كەسێكی شیاو نییە بۆ ئەوەی دۆسیەی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكوومەت و پارتی دیموكراتی كوردستانی لەدەستدا بێت, بەڵكو پێویستە لیژنەیەك لەناو سەركردایەتی گۆڕان پێكبێت و ئەرکی گفتوگۆ و تەفاهوم بە ئەستۆ بگرێ. چاودێرانی ئەو بزووتنەوەیە پێیانوایە ئەم حەساسیەتە لەلایەی بەڕێز مەسعود بارزانیش هەیە, بۆیە بۆ هەمان مەبەست بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە موناسبتر بۆ گفتوگۆ و لێكحاڵیبوون لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەزانن.
گواستنەوەی دەستەڵات كە شیعاری گۆڕانە, میكانیزمێكی ڕوونیان نییە و خۆشیان سەریان لێدەرناچێ, تەنیا ئەوە نەبێت بە شێوەیەكی پۆپۆلیستی پشتیان بەو بردنەوەیە بەستووە كە لە ناوچەی سلێمانیدا بەدەستیانهێناوە, هەروەها كار لەسەر پتر لێكتر هەڵوەشاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن و پێیانوایە لەو ڕێگەیەوە دەتوانن پارتی دیموكراتی كوردستان بخەنە ژێر فشارێكی زۆر و سەرەنجام تەسلیمی بەشێك لە خواستەكانیان بێت.
سەبارەت بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای ئەو دۆڕانەی, لە غیابی مام جەلالدا سەركردایەتییەكی لاواز هەیە و پەنجەی گەندەڵیان بۆ درێژ دەکرێ. ئەمە قسەی كادیرە پێشكەوتووەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە, ئەوانە پێیانوایە ئێستا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و خانەوادەی مام جەلال بە پشتیوانی هێزەكانی ئاسایش و دژە تیرۆر دەستیان بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان و ئیدارەی سلێمانیدا گرتووە, لە كاتێكدا هەردوو جێگرەكەی سكرتێری گشتی؛ كۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ساڵح ڕۆژ بە ڕۆژ كەسایەتیان و دەوریان لە ناوچەی سلێمانی لاوازتر دەبێت. لەو ناوچەیەدا حەساسیەتێكی زۆر بەرانبەر بە مەكتەبی سیاسی هەیە, ئەو رایە بڵاوە کە وادەزانێ چونکە زۆربەیان خەڵكی دەرەوەی سلێمانین، ناتوانن بەرژەوەندییەكانی "شار" تێبگەن و بیپارێزن.
پێویستە یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەوە دڵنیا بكرێ كە دۆڕاندن لە هەڵبژاردندا بە مانای لەدەستدانی هەموو بەرژەوەندییەكانیان نیە و ڕاستەوخۆ دەسەڵاتی سلێمانیان لێناستێندرێتەوە.
یەكێتی لەبەردەم هەڕەشەی زیادبوونی هەژموونی نەوشیروان مستەفایە, نەوشیروان دوای مام جەلال بەشێوەیەكی خێرا کاریگەری كەسایەتییەكەی لەسەر ناوچەی سلێمانی زیاتر بووە, بەشێکی زۆری جەماوەر پێشووی یەکێتی بە سەرکردەی ناوچەكە ناوی دەبەن. لاوازی خانەوادەی مام جەلال هەر لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە بگرە تا هەردوو كوڕەكانی، كارێكی وای كردووە كە تەنیا لەسەر ئیعتباری مام جەلال بژین, پشتیان بەو دەستەڵات و پارەیە بەستووە كە لە دەستیان دایە, بەڵام لەكاتی چارەسەركردنی كێشەكاندا دەستەوستانیان پێوە دیارە. كادیرە سەرەكیەكانی یەكێتی بیر لە مێژووی خۆیان دەكەنەوە, بەشێكی هەرە زۆریان پێیانوایە ئەو مێژووە گواستراوەتەوە بۆ لای نەوشیروان مستەفا.
پێدەچێ هەر ئەوەش بوبێتە فشارێك كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی نەتوانێ ڕاستەوخۆ دەست بەسەر سندووقەكانی هەڵبژاردندا بگرێ و تەزویر بكات.
ئەگەر یەكێتی تووشی لەت بوون نەبێت, ئەوا دەكرێ ئەو پڕۆگرامەی كە حكوومەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان و ئیسلامیەكان دایدەڕێژێ، سەركەوتنێكی زۆر بەدەست بێنێ, بەڵام ئەگەر هەر کەرتبوونێك لەناو یەكێتی نیشتمانی ڕوو بدات, چ ژمارەیەكی زۆری یەكێتی بە كۆمەڵ بچنە ناو بزوتنەوەی گۆڕان, یان بەشێك لە سەركردایەتی ئێستای لە حزبەكە جیابێتەوە، (بۆ ئەوە باسی بەرهەم ساڵح دەكرێ) ئەوا لەم حاڵەتەدا پشێوی لەناو سلێمانی زیاد دەبێت, تەماحی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕۆیشتن لەسەر بێبەرنامەیی زیاتر دەكات.
پێویستە هەردوو حزبی ئیسلامی(یەکگرتی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی) لە حكوومەتدا بەشداری پێبكرێن, بەڵام بۆ گفتوگۆكردن پێویستە پڕۆژەیەكی دیاری کراو هەبێت, ئیسلامیەكان ئایدیۆلۆژیای تایبەتی خۆیان هەیە, جیاوازیەكی زۆر لەنێوان ئەوان و بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە. تا ئێستا یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی خاوەنی هیچ پڕۆژەیەكی حكوومەت بەڕێوەبردن و هیچ پڕۆژەیەكی ئابووری و پیشەسازی نین, زیاتر گرنگی بە لایەنی فەرهەنگی وڵات دەدەن كە ئەویش بەشێوەیەكی محافیزەكارانەیە و بەردەوام لەژێر فشاری ڕەخنەلێگرتندان.
بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا وەك حیزبی یەكەم هاتەوە بەڵام نابێ كە بە سەهو بچێ چونكە سەركەوتنێكی زۆر گەورەی بەدەستنەهێناوە, ئەو دۆخەی كە پارتی تێیدا بوو جیای دەكاتەوە لە هەموو حزبەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان؛ لەناو پارتیدا یەكگرتووییەكی تەواو هەیە, لە چوار ساڵی ڕابردوو زۆر بە خێرایی توانی كێشەكانی ناوخۆی كەمكاتەوە و سەرەنجام یەكگرتوویەكی باش لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا لەخۆیدا نیشان بدات, ئەوە جیا لەوەی لە کابینە یەك لە دوای یەكەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پێشكەوتنی بەرچاوی ئابووری لە كوردستان دەبیندرێ, ئەو پێشكەوتنە ئابووریە سەرباری ئەوەی ڕەخنەی زۆر هەڵدەگرێت, پێویستە چاكسازی تێدا بکرێت, بەڵام كاریگەریەكی زۆری بەسەر ژیانی خەڵكەوە هەیە, واقیعی هەردوو پارێزگای هەلێر و دهۆكی لە بەشەكەی تری كوردستان جیاكردۆتەوە ئەویش بەو سیمای پێشكەوتنی بەردەوامیەتی.
پارتی كاتێك دەتوانێ ببێتە حزبی براوە كە بتوانێ بڕیار لە چارەنووسی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدات، ئەویش پێویستە لە سەرەوەی سەدا پەنجای دەنگەكان بەدەست بێنێت, ئەو بەدەست هێنانەشی بریتی بێت لە زیادكردنی نفوزی لە ناوچەی سلێمانی. پارتی بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە بەخۆداچونەوەیەكی فراوان بە پڕۆگرامی حكوومەت لە بەڕێوە بردن و ڕوانگای خۆی بۆ تەنزیمی كۆمەڵایەتی هەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان پلە یەكەمێكی لاواز و پڕ لە كێشەیە, حیزبێكە دەنگەكانی خۆی نەدۆڕاندووە بەڵام زۆر زیادیشی بەدەست نەهێناوە, حزبێك بە تەنیا ناتوانێ حكوومەت دروست بكات, نفوزی تەنیا لە ناوچەیەكدایە, بەدوور نییە لە كەموكوڕی و گەندەڵی و مەحسوبیەت. بۆیە تەنیا ئیمتیازێك كە ئەم هەڵبژاردنە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستانی هێناوە ئەوەیە كە دەتوانێ سەرۆكی پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوپەیمانی نیشتمانی بێت, لە هەمان كاتدا پێشەكی بڕیاری حیزبەكانیش هەیە بۆ ئەوەی بێنە ناو حكوومەت, كەواتە دروست كردنی حكوومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی كارێكی زەحمەت نییە, بۆیە دەكرێ پارتی بیكاتە بە شیعاری سەرەكی خۆی. تەنیا ئەو كابینەیە كە دەتوانێ حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكگرتوویدا بێڵێتەوە و دوو ئیدارەیی لەناو حكوومەتدا بەرەو كەمبوونەوە بەرێت.
ئەگەر بیر لە حكوومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی بە بێ بزووتنەوەی گۆڕان بكرێتەوە مانای ئەوەی ناوچەی سلێمانی لە حكوومەتی داهاتوودا زیاتر لە ئۆپۆزیسیۆنیدا بمێننەوە نەك لە هاوكاریكردندا, حكوومەتێك بەردەوام خەریكی كێشە دەبێت, بۆیە وێڕای ئیسلامیەكان پێویستە بزوتنەوەی گۆڕانیش بگرێتەوە.
هەبوونی هەموو حیزبەكان لەناو كابینەدا یەكپارچەیی و بەهێزی حكوومەتی كوردستان دەپارێزێت, بۆیە پێویستە پارتی حكوومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لەم قۆناغەدا بكات بە شیعارێك كە تا ئاستی ئاسایشی نەتەوەیی گرنگی پێ بدەن. ئەوەش هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا لە پێگەی خۆی دەهێڵێتەوە و كاردەكاتە سەر داهاتووی هەرێم لەگەڵ دەوروبەر و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانیش لە هەرچوار پارچەدا بەهێزتر دەکات. پارتی دەكرێ خاوەنی ئەو پڕۆژە سیاسیە بەردەوام بێت.
پێویستە پارتی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن باڵی یەكێتی بگرن و پشتیوانی بكەن, بە تەنیا بەجێیان نەهێڵن, چونكە هەر تەنیاییەک دەبێتە مایەی ڕوخانیان و پەنابردن بۆ توندوتیژی و تێكچونی باری سلێمانی و سەرەنجام لێكترازانی یەكگرتوویی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. ئەگەر هەر کەرتبوونێك لەناو یەكێتی نیشتمانی ڕوو بدات, چ ژمارەیەكی زۆری یەكێتی بە كۆمەڵ بچنە ناو بزوتنەوەی گۆڕان, یان بەشێك لە سەركردایەتی ئێستای لە حزبەكە جیابێتەوە، (بۆ ئەوە باسی بەرهەم ساڵح دەكرێ) ئەوا لەم حاڵەتەدا پشێوی لەناو سلێمانی زیاد دەبێت, تەماحی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ڕۆیشتن لەسەر بێبەرنامەیی زیاتر دەكات.
بە گفتوگۆیەكی بەردەوام و هەبوونی بەرنامەیەكی دیاریكراو هەوڵبدرێ گۆڕان ئەگەر بیەوێ بێتە پێگەیەكی نوێ بۆ ناو حكوومەت, هێمنی دەخاتە ناو كوردستان و دەستەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر دەکات. ئەوان پێیانوایە وەزارەتەكان و ئەو بەڕێوەبەرایەتیانەی كە لە حكوومەت وەریدەگرن، بەكاری دێنن بۆ فشارخستنە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان, واتە حكوومەت دەكەنە بانگەشەیەك بۆ زیاتر دەنگهێنان لە هەڵبژاردنی داهاتوو.
پێویستە لە گفتوگۆكردن لەگەڵ گۆڕاندا ئەو خاڵە تەفاهومی هاوبەشی لەسەر هەبێت كە لەمەودوا لە جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیدات سەرۆكی حكوومەت دەستەڵاتی بەسەر هەموو ناوچەكاندا بڕوات.
پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لایەنی پارتییەوە بایەخی یەكەمی ناوچەی سلێمانی بێت, ئەوەش دەكرێ ئەو حەساسیەتە كەمبكاتەوە كە لەلای خەڵكی سلێمانی دروست بووە و گۆڕان و یەكێتی بەكاریدێنن كە گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی تەنیا مەبەستیان گەشەپێدانی ناوچەی هەولێر و دهۆكە. لەو ڕووەوە بە ئاشكرا گلەیی لە هەموو توێژەكانی ناوچەی سلێمانی دەبیسترێ.
سیناریۆکان:
ئەگەرەکانی هەندێک سیناریۆ:
١-حكوومەتی دووانەی یەكێتی -پارتی هیچ ئایندەیەكی نابێ, و ڕادەی تەنگوچەڵەمەكانی لە چوار ساڵی ڕابردودا زۆرتر دەبن, و كەشی سیاسی و سایكۆلۆژیای كۆمەڵایەتی بۆ ئەو جۆرە حكوومەتە بە شێوەیەكە هاوكار نییە.
٢-دروستكردنی حكوومەتێك لە پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەكان و حیزبە بچووكەكان بە بێ بزوتنەوەی گۆڕان، دیسان وڵات لە تەنگو چەڵەمەدا دێڵێتەوە.
٣-سیناریۆیەكی تر هەیە ئەدی ئەگەر یەكێتی نیشتمانی وەك خۆیان دەڵێن ببن بە ئۆپۆزیسیۆن؟ لە ڕاستیدا ئەمە زۆر ترسناكە, دەبێ پارتی بۆ ئەوەیان كار بكات تا ڕوونەدات, چونكە ئەگەر مەكتەبی سیاسی یەكێتی بیەوێ خۆی لەو شكستەیان كەوا توشی هاتووە دەرباز بكات، ئەوەیە ببێتە ئۆپۆزیسیۆن. لەو حاڵەتەدا بە کردەوە دوو ئیدارەیی لە كوردستان دروست دەبێتەوە, ئەوانیش بە شێوەیەكی موتڵەق دەستیان دەكرێتەوە تا زەبروزەنگ لەناوچەی سلێمانیدا بەكاربێنن و دەستیان لە دامودەزگاكانی نەوتی و داهاتی هەرێم لەو ناوچەیە دەكرێتەوە و لەوانەیە ڕووداوێك بێت كە دوایی پێشگرتنی ئاسان نەبێت, بەتایبەتی ئەگەر ناوچەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان داببڕن و بۆ دابینكردنی ئەمنیەتی كۆمپانیاكانی نەوت لەو ناوچەیەدا، لێپرسراوانی یەكێتی و دامودەزگە ئەمنیەكانیان لەوانەیە تەقلیدێكی نزیك لە خێڵ و مافیای ئەفریقی بۆ هاوكاری كردنی كۆمپانیاكانی نەوت دروست بكەن, بۆیە دەبێ لە ڕوانگەی پارتی بۆ دروستكردنی كابینەی نوێ، ئەو لایەنە بە جدی وەربگیرێ.
٤-لە سیناریۆیەكی دیكەدا پارتی دیموكراتی كوردستان ناتوانێ بە تەنیا کابینە پێكبێنێ, تەنانەت ئەگەر ژمارەی كورسیەكانی لە زۆرینەی موتڵەقیش تێپەڕێ, چونكە لە هەموو حاڵەتێكدا پارتی لە ناوچەی دهۆك و هەولێر قەتیس دراوە. بۆیە دەبێ بە هەموو شێوەیەك هەوڵ بدرێ پرۆسەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن دەست پێبكات, هەر حزبە بە تەنیا فایلی بۆ بكرێتەوە. وە پێشنیاری باش ئەوەیە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی سەرپەرشتی هەموو فایلەكان بكات, چونکە بە كەسایەتی حكوومەتمەداری پڕ تەفاهوم ناودەبردرێت, هەموو لایەنەكانیش ئامادەنە گوێ لە قسەی بگرن و هیچ حەساسیەتێكی بەرانبەر نەماوە.
حكوومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لە دوو بواردا قازانجی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان هەیە: یەك/ لە ناوچەی هەولێر و دهۆكدا پارتی زۆرینەی بەدەستهێناوە و سەركەوتنەكەشی لەوێیە بەڵام ئەوە بەومانایە نییە كە زۆرینەی موتڵەقی دەنگەكانی بەدەست هێناوە, یان خەڵكی ئەم ناوچەیە زۆر ڕازیبن. بە پێچەوانەوە بە ئاشكرا هەست بە ناڕەزایەتی خەڵك دەكرێ و بۆ ئەوەی شیرازەی ناوچەكە تێكنەچێت خەڵكی ئەم دوو ناوچەیە دەنگیان بە پارتی داوەتەوە, ئەوە ئەگەر لایەنی مێژوویی پارتی لەبەرچاو نەگرین چونکە ڕابردووی سیاسی و مێژوویی و شۆڕشگێڕیەتی ڕۆژ بە ڕۆژ كاڵتر دەبێتەوە, بۆیە خەڵك وەك بڵێی نان بە نرخی ڕۆژ دەكڕن.
دووەم/ لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا پارتی سەركەوتنێكی زۆری بەدەست نەهێناوە, بەردەوام بەشێك لە كێشەكانی سیاسی كوردستان پەیوەندی بە سیستەمی سەرۆكایەتی واتە بە دامودەزگا و میكانیزمی سەرۆكایەتییەوە هەبووە. ئەگەر لێرەدا مەبەستی خۆمان لەوە دوورخەینەوە كە ئایا سەرۆكایەتییەكە پەرلەمانی دەبێت یان بەشێوەی ئێستا, پارتی مەجبور دەبێت بە جدی پەنا بەرێ بۆ خەڵكانی لێهاتوو و بیانخاتە ناو دامودەزگای حكوومەتەوە, نەك وەك جاران خەریكی ڕازیكردن و پاداشتدانەوەی كادیرەكانی خۆی بێت.
سێیەم/ دۆڕاندنی یەكێتی لە ناوچەی سلێمانی نیشانیدا كە هەبوونی دەستەڵات بە تەنیا زەمانەت نییە بۆ دەرچوون لە هەڵبژاردنەكان و بەدەست هێنانی متمانەی خەڵك. پارتی لەو ڕووەوە پێویستە دیراسەی واقیعی خۆی بكاتەوە و پاوانخوازی لە ناوچەی نفوزی خۆیدا كەم بكاتەوە, بەشداری بە حزبەكان و كەسایەتییەكانی دیكە بكات و هەوڵ بدات وەك پێشوو تووشی لەخۆبایی بوون نەبێت, غرور و لەخۆبایی بوون زەڕبەیەكی زۆر بە بەرنامەی پارتی بۆ گفتوگۆ و درووست كردنی كابینەی نوێ دەگەیەنێ. ئەگەر پارتی ئەم بەندانەی سەرەوەی نەبێت ناتوانێ تەبایی سیاسی بپارێزێ, بەمەش ئاسایشی نەتەوەیی دەکەوێتە مەترسیەوە.