مێزگردێکی تایبەت لەبارەى "داهاتووى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەڕێوە چوو
ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان و سەنتەری توێژینەوەی شارستانیی جیهانی، ڕۆژى دووشەممە، ٩ى شوباتی ٢٠٢٦، بەهاوبەشی، مێزگردێکیان لەسەر داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناونیشانی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کام ئاراستەدا دەڕوات؟" بەڕێوە برد.
لەم مێزگردەدا ژمارەیەک ئەکادیمی و سیاسەتمەدار لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتەوە بەشدار بوون، کە پێک هاتبوون لە بەڕێزان: د شێرزاد نەجاڕ، پسپۆڕی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، حەسەن شەڕەفی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموکراتی کوردستان، د. کاوە مەحموود، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی شارستانیی جیهانی، ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، د. عومەر نوورەدینی، پسۆڕی زانستە سیاسییەکان، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆ قادر، بەڕێوبەری گشتیی ئەنستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان- کوردستان.
لە مێزگردەکەدا قسەکەرەکان بە ئاراستەى جیاواز و لە ڕوانگە و تیۆری جیاجیاى شیکردنەوەى سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دۆخی ئێستاى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان شی کردەوە و ڕوانگەى خۆیان لەسەر داهاتووى نزیک و دوورى ئەو ناوچەیەوە خستە ڕوو.
هەر لەو گفتوگۆ ئەکادیمییەدا، هەلومەرجی نێودەوڵەتی، هاوسەنگیی هێز، هاوپەیمانییە نوێیەکانی نێودەوڵەتی و سیستەمی نوێی جیهانی شیکردنەوەیان بۆ کرا.
لە بەشێکی دیکەى قسەکاندا، قسەکەران دۆخی کوردستانیان بە گشتی تاووتوێ کرد و دۆخی هەرێمی کوردستان و ئاڵەنگاری و دەرفەتەکانیان لەم قۆناغەى ئێستاى هەرێمی و جیهانیدا خستە بەر باس.
لە بۆچوونی گشتیی ئەکادیمییانی ئامادەبوودا، سەرنج خرایە سەر ئەوەى سیستەمی جیهانی و هاوسەنگیی هێز گۆڕانی گەورەیان بەسەردا هاتووە و نەزمی نوێی جیهانی بە ئاراستەیەکی نوێدا دەڕوات، کە دەوڵەتان تێیدا لە دۆخێکی ئانارکیدا، بەدواى هێز و باڵادەستیی زیاتردا دەگەڕێن.
لەم چوارچێوەیەدا ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی دەستەبژێرى سیاسی و حزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارەتی و جووڵانەوەى عەقڵانی لە پرۆسەى سیاسیدا کە دەستەبەرى مافەکانی گەلی کوردستان بکات، خرایە ڕوو.








